زیانەکانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار

12-05-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی داوای لە تورکیا کردووە کە رۆژی 13ـی ئەم مانگە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە. بەپێی بەدواداچوونی رووداویش؛ زیانەکانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا 1.5 ملیار دۆلار بووە. 

رۆژی پێنجشەممە، 11-5-2023، حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەی داوای لە کۆمپانیای بۆتاشی تورکی کردووە لە رۆژی شەممە، 13ـی ئایارەوە دەست بە کارەکانی هەناردەکردن و بارکردنی نەوتی کوردستان بکرێت.
 
ئەگەر رۆژی شەممە، 13ـی ئایار، هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە و تورکیا هیچ کێشەیەکی نەبێت، بەپێی بەدواداچوونی رووداو؛ لەو 48 رۆژەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرابوو، زیانەکەی یەک ملیار و 405 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری ئەمریکی بووە. ئەو 48 رۆژە، شەش رۆژیان دەکەونە مانگی ئادار، 30 رۆژ مانگی نیسان و 12 رۆژیش مانگی ئایار.
 
زیانەکانی شەش رۆژی مانگی ئادار 
 
لە 25ـی ئادارەوە و بە کاریگەریی بڕیاری دەستەی نێوبژیوانیی پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرا، بەپێی رەشنووسی بودجەی عێراق؛ دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، لە مانگی ئادار عێراق هەر بەرمیلێک نەوتی بە بڕی 79 دۆلار فرۆشتووە، بەو پێیە لەو شەش رۆژەی ئەو مانگەدا هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکرد وەکو لە رەشنووسی بودجەدا هاتووە، رۆژانە بڕی 31 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار زیانی لێکەوتووە کە کۆی زیانەکانیشی لەو شەش رۆژەدا دەگاتە زیاتر لە 189 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار.
 
زیانەکانی مانگی نیسان
 
بەدرێژایی مانگی نیسان، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرابوو. عێراق لە مانگی نیساندا هەر بەرمیلێک نەوتی بە 74 دۆلار فرۆشتووە، زیانەکانی رۆژانەی هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو مانگەدا 29 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بووە، واتە لە کۆی 30 رۆژی ئەو مانگەدا بڕی زیاتر لە 880 ملیۆن دۆلار بووە.
 
زیانەکانی 12 رۆژی مانگی ئایار
 
هەرچەندە هێشتا دیارنییە بەرمیلی نەوتی عێراق لە مانگی ئایاردا بە چەند فرۆشراوە، بەڵام بە خەمڵاندنی بڕی 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی عێراق بێت، ئەوا لە ماوەی ئەو 12 رۆژەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە لە مانگی ئایار، زیانی رۆژانەی دەکاتە 28 ملیۆن دۆلار، واتە لەکۆی ئەو 12 رۆژە بڕی 336 ملیۆن دۆلار دەکات.
 
زورغام مالیکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت داهاتەکانی عێراق زیاد دەکات، چونکە بەپێی رەشنووسی بودجە؛ دەبێت هەرێمی کوردستان بە بڕی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەشداری لە زیادبوونی داهاتەکانی عێراق بکات."
 
بەگوێرەی رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لەو بڕە 400 هەزار بەرمیلیان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دەبێت، بەهای بەرمیلێک نەوتیش بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە.
 
هەرێمی کوردستان بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتەکەیەوە نیوەی زیاتری لە داهاتەکانی لەدەستداوە، بۆیە کێشە بۆ مووچەی مووچەخۆرانیش دروست بووە، کە هێشتا بودجەی ساڵی 2023ش لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندنەکراوە.
 
بەهجەت ئەحمەد، شارەزای نەوت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زیانەکان بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق جیاواز بوو، زیانەکانی بۆ حکومەتی عێراق زۆر کەم بوو و نزیک بوو لە هیچ، چونکە رۆژانە نزیکەی 78 هەزار بەرمیل نەوتی لە رێگەی تورکیاوە هەناردە دەکرد و لە مانگی نیسان نزیکەی 30 هەزار بەرمیل نەوتی لە ئاستی هەناردەکردن زیادکرد و لە بەندەری ئوم قەسرەوە هەناردەی دەکرد."
 
ئەو شارەزایەی نەوت گوتیشی: "لە هەرێمی کوردستان زیانەکان زۆر بوون، کۆی پرۆسە نەوتییەکانی لەگەڵ بودجە راگرت، بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکان و ترسی کۆمپانیا نەوتییەکان بەتایبەت کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە دووبارە هەناردەنەکردنەوە ئاستی بەرهەمهێنان لە کوردستان؛ مەترسیی دابەزینی ئاستی هەناردەکردنی نەوت هەیە و لە دوای دەستبەکاربوونەوەشیان کۆمپانیاکان ناتوانن ئەو 400 هەزار بەرمیلە یەکسەر هەناردە بکەن."
 
هەروەها لە باسی زیانەکان، ئەو شارەزا ئابوورییە باسی لەوەش کرد، "لایەنە داراییەکەشی زیانەکانی زۆر بوون کە کۆی داهاتەکەی زیاتر لە ملیارێک دۆلار دەبێت و قەرەبووکردنەوەی زەحمەتە، چونکە ئێستا هەرێمی کوردستان ناتوانێت 400 هەزار بەرمیل هەناردە بکات، هەروەها بودجەی عێراق پەسند نەکراوە، ئەوەش وادەکات هەرێمی کوردستان نەتوانێت شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان بداتەوە و رەنگە زیانێکی زۆر گەورە لە سێکتەری نەوتی هەرێمی کوردستان بدات."
 
هەرچەندە رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، بەڵام رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دوای 38 رۆژ هێشتا دەستی پێنەکردووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە