وەزارەتی دارایی: 170 ملیار دیناری پارەی نەوتمان بۆ سلێمانی ناردووە

12-04-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەبارەی نەبوونی پارە لە لقی سلێمانیی بانکی ناوەندی هەرێم رایگەیاند، هەفتەی رابردوو 100 ملیار و ئەمڕۆش 70 ملیار دیناری دیکەیان بۆ بانکەکە ناردووە.
 
بڕیاربوو بەیانیی ئەمڕۆ مووچەی مانگی ئاداری وەزارەتی پەروەردە، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و نیڤشکان دابەشبکرێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەوە مووچەی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی دابەشنەکرا.
 
پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی لە بانکی تانجەڕۆ و پەروەردەی رۆژهەڵات لە بانکی گۆیژە مووچە وەردەگرن. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تائێستا پارە بە هیچ یەکێک لەو دوو بانکە نەگەیشتووە. 
 
حەسەن قادر، بەڕێوەبەری بانکی گۆیژە بە رووداوی راگەیاند: "مووچەی پەروەردەی رۆژهەڵات و نیڤشکان لە بانکی گۆیژە دابەشدەکرێت. نیڤشکان مووچەی مانگی ئاداریان وەرگرتووە، بەڵام تائێستا پارەی پەروەردەمان بە دەست نەگەیشتووە، ئەگەر ئەمڕۆ بەدەستیشمان بگات پڕۆسەی دابەشکردنی دەکەوێتە سبەی پێنجشەممە." 
 
حەسەن قادر گوتیشی: "نزیکەی هەشت ملیار دینار پێویستە بۆ ئەوەی پەروەردەی رۆژهەڵات مووچەی مانگی ئادار وەربگرن و بڕیارە ئەمڕۆ مووچەمان بەدەستبگات بۆ ئەوەی دابەشی بکەین." 
 
سەبارەت بە هۆکاری نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی، هونەر جەمال، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەفتەی رابردوو 100 ملیار و ئەمڕۆ بەیانی 70 ملیار واتا بە کۆی گشتی تائێستا 170 ملیار دینار پارەی نەوت بۆ بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی نێردراوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هیچ بڕە پارەیەکیش نەگەیشتووەتە بانکی تانجەرۆ بۆ دابەشکردنی مووچەی پەروەردەی رۆژئاوا. ئەو بانکە 17 ملیار دیناری پێویستە بۆ ئەوەی مووچەی هەموو پەروەردەی رۆژئاوا دابەشبکات و ئاگادارکراونەتەوە کە ئەمڕۆ پارەیان بۆ دەنێرن. ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ بەرپرسانی ژمێریاری ئەو بانکە سەردانی بانکی هەرێمیان کردووە بۆ وەرگرتنی پارە، بەڵام هیچ بڕە پارەیەکیان پێنەدراوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی هەندێک رێکاری کارگێڕییەوە تاوەکو کاژێر 12:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پارەی پەروەردەی سلێمانی نەگەیشتبووە بانکی هەرێم لە سلێمانی و بڕیاربوو ئەمڕۆ پارەکەیان بەدەستبگات و هەر ئەمڕۆ بەسەر بانکەکان دابەشی دەکەن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی لە بازاڕەکانی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی دارایی عێراق داوای 20 زانیاری لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆپییەکی خشتەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە دوو بەشی زانیاری پێکهاتووە، بەشێکیان تایبەتە بە زانیاریی کەسی مووچەخۆر، وەکو ناوی خۆی، باوکی، باپیری، باپیری باوکی، ناوی دایک و باوکی دایک و باپیری دایک، هەروەها ساڵی لە دایکبوون و رەگەز.