ئابووری
گەڕەک هەیە لە غەززە بەهۆی بۆردوومانی مووشەکەکانی ئیسرائیل بەتەواوی وێران بووە، وێنە: محەممەد سالم، رووداو - غەززە
رووداو دیجیتاڵ
بانکێکی ئیسرائیلی دەڵێت، تێچووی ئابووریی شەڕەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیل تائێستا 6.8 ملیار دۆلارە.
مودی شەفریر، ستراتیژیناسی باڵای بانکی هاپۆلیم دەڵێت "ئێستا زۆر قورسە بزانین شەڕەکە بەکوێ دەگات – ئایا هەڵمەتێکی زەوینی بۆ داگیرکردنی بەشێک لە غەززە دەستپێدەکات، کە چەند هەفتەیەکی زۆری دەوێت، یان هەڵمەتێک لە باکووریش دەستپێدەکات و چۆن تا ئەو کاتە یەدەگەکان بانگهێشت بکرێن بۆ ئەرک".
بەگوتەی شەفریر، "بە خەمڵاندنێکی زۆر ورد، دەتوانرێت گریمانەی ئەوە بکرێت؛ تێچووی شەڕی ئێستا بەلایەنی کەمەوە دەگاتە 1.5%ـی بەرهەمی نێوخۆیی [هەردوولا]، ئەمەش واتە زیادبوونی کورتهێنانی بودجە لانیکەم بە رێژەی 1.5%ـی بەرهەمی نێوخۆیی لە ساڵی داهاتوودا."
بەشێکی خەمڵاندنەکانی بانکەکە لەسەر بنەمای تێچووی شەڕەکانی دیکە بوون.
بەپێی ئاماری ئینستیتیوتی توێژینەوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، تێچووی شەڕی دووەمی لوبنان لەساڵی 2006 کە 34 رۆژ بەردەوام بوو، 2.4 ملیار دۆلار بوو، ئەوەش یەکسان بوو بە 1.3٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ئیسرائیل.
شەڕەکانی پێشووی ئیسرائیل بەشێکی کار و چالاکییەکانی وڵاتەکەیان پەکخست، بەڵام ئابووریی وڵاتەکەیان بە تەواوەتی پەکنەخست.
شەفریر دەڵێت، "ئەزموونەکانی پێشوو دەریدەخەن کە پێشبینی دەکرێت، کاریگەریی شەڕەکە بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر بەکاربردنی کەرتی تایبەت و ئامارەکانی گەشتیاری هەستیان پێدەکرێت."
بەهۆی هێرشی حەماسەوە زیانی زۆر بە دراو و بۆرسەی ئیسرائیل کەوت و، تەنیا رۆژی یەکشەممەی رابردوو، زیانی 16 ملیار دۆلار بە بۆرسەی وڵاتەکە کەوت.
رۆژی دووشەممەش، بەمەبەستی پاراستنی سەقامگیریی دارایی و دراوی وڵاتەکە، بانکی ناوەندیی ئیسرائیل رایگەیاند، 30 ملیار دۆلاری لە بازاڕی کراوەی وڵاتەکە فرۆشت. ئەمەش زۆرترین دۆلارە تائێستا بانکی ناوەندیی ئیسرائیل لە رۆژێکدا فرۆشتبێتی.
دوای راگەیاندنەکەی بانکی ناوەندی، بەهای شێکڵ (دراوی ئیسرائیل) بەرامبەر بە دۆلار بەڕێژەی 2.2٪ دابەزی و هەر دۆلارێک بە 3.924 شێکڵ مامەڵەی پێوەکرا، ئەوەش نزمترین ئاستی بەهای ئەو دراوەیە بەرامبەر بە دۆلار لە ساڵی 2016ـەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ