سوپای ئیسرائیل: ئەرکمان ئەوەیە دڵنیایی بدەین چی دیکە حەماس کاروباری غەززە بەڕێوەنابات

09-10-2023
عەلی زەڵمی
نیشانەکردن ئیسرائیل فەلەستین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە هێرشەکەی رۆژی شەممەدا بۆ سەر وڵاتەکەی نزیکەی هەزار چەکداری بزووتنەوەی حەماس بەشداربوون.
 
جۆناسان کۆنریکس، گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێت، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکەیان نزیکەی هەزار چەکداری بزووتنەوەی حەماس لە هێرشەکەدا بەشدار بوون. 
 
جۆناسان کۆنریکس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانە ماڵ بە ماڵ، باڵەخانە بە باڵەخانە بە شوێن هاووڵاتییانی ئیسرائیلدا گەڕاون و گوتیشی، تاوەکو ئێستا نزیکەی 700 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر لە 2100 کەسی دیکە برینداربوون. 
 
جۆناسان کۆنریکس گوتی، بە لەبەرچاوگرتنی کوشتن و بریندارکردنی ئەو ژمارە زۆر کەسە، دەتوانرێت بگوترێت، رۆژی شەممە "خراپترین رۆژ بوو لە مێژووی ئیسرائیلدا'' و، هێرشەکەشی بە هێرشەکانی 11ـی سێپتەمبەری ساڵی 2011 بۆ سەر نیویۆرک چوواند. 
 
دوای هێرشەکە، حکومەتی ئیسرائیل ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی سوپای وڵاتەکەی بۆ سنووری نزیک لە کەرتی غەززە گواستەوە و گوتی، "ئێستا نزیکەی 100 هەزار سەربازی یەدەگمان بۆ باشووری ئیسرائیل گواستووەتەوە و چاوەڕێی ئەو فەرمانە دەکەن کە حکومەتی ئیسرائیل پێیان دەسپێرێت. ئەرکی ئێمە ئەوەیە دڵنیا بین لە کۆتایی ئەم جەنگەدا، حەماس هێندە لاواز دەبێت، کە چی دیکە توانای ئەوەی نابێت، ببێتە هەڕەشە لەسەر هاووڵاتییانی سڤیل. هەروەها دەمانەوێت دڵنیایی بدەین لەوەی حەماس چی دیکە کاروباری کەرتی غەززە بەڕێوە نابات". 
 
دەقی گوتەکانی جۆناسان کۆنریکس، گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل: 
 
هەڵسەنگاندنەکەمان ئەوەیە نزیکەی هەزار تیرۆریست لە هێرشەکەی داگیرکردنی ئیسرائیلدا بەشدار بوون. نزیکەی هەزار فەلەستینی تینووی خوێن، ماڵ بە ماڵ و باڵەخانە بە باڵەخانە بە شوێن هاووڵاتیانی سڤیلی ئیسرائیلیدا دەگەڕان و دەیانکوشتن. نزیکەی 700 ئیسرائیلی کوژران، چ هاووڵاتی سڤیل و چ سەرباز؛ زیاتر لە 2100 کەسیش برینداربوون. 
 
نزیکەی 100 هەزار سەربازی یەدەگمان کۆکردووەتەوە کە ئێستا لە باشووری ئیسرائیلن و لە ئامادەکاریدان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەی حکومەتی ئیسرائیل بە سوپای دەسپێرێت بە مەبەستی جێبەجێکردنی. کاری ئێمە ئەوەیە؛ دڵنیا بین لەوەی لە کۆتایی ئەم جەنگەدا، حەماس چی دیکە توانای سەربازیی ئەوەی نییە ببێتە هەڕەشە لەسەر هاووڵاتیانی سڤیلی ئیسرائیل. لەوەش زیاتر، کارمان ئەوەیە دڵنیایی بدەین کە حەماس چی دیکە کاروباری کەرتی غەززە بەڕێوەنابات.

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.