ئابووری
لە تەنیشت کێڵگەیەکی دانەوێڵە لە دۆنێتسک زرێپۆشێکی ئۆکراینی تەقە دەکات، وێنە: Anatolii STEPANOV / AFP
رووداو هەولێر
هاوکات لەگەڵ هەوڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی دەریایی بۆ دانەوێڵەی ئۆکراینا و رێگریکردن لە دروستبوونی قەیرانی خۆراکی جیهانی، هێشتا دەریای رەش سەتان مین و تەقەمەنی تێدا ماوە کە لەلایەن هەردوو سوپای ئۆکراینا و رووسیا دانراون.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئەگەر رێککەوتنیش بکرێت، لابردنی مینەکان لەو ناوچانەدا چەندین مانگی پێویستە، بۆیە هێشتا مەترسییە گەورەکەی سەر بازاڕی خۆراک خۆی نیشان نەداوە. دەریای رەش رێڕەوێکی گرنگی ئاڵوگۆڕی دانەوێڵە، رۆن و بەرهەمەکانی رۆنە لە جیهان. ئاوی دەریاکە لەلایەن بولگاریا، رۆمانیا، جۆرجیا و تورکیا، رووسیا و ئۆکرایناوە بە هاوبەشی بەکاردەبرێت.
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، بە نزیکەیی 20 ملیۆن تۆن دانەوێڵە بەهۆی داخرانی بەندەرەکانەوە لە ئۆکراینا کەڵەکە بووە و ناتوانرێت بنێردرێتە بازاڕەکانی جیهان. ئۆکراینا پێش دەستپێکی هێرشەکانی رووسیا لە 24ـی شوباتی 2022، چوارەم گەورەترین هەناردەکاری دانەوێڵە بوو لە جیهاندا.
کیێڤ و بەرپرسانی رۆژئاوا، مۆسکۆ بە داخستنی بەندەرەکانی ئۆکراینا تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن: رووسیا بە چەک رێگریی لە گەیشتنی بەرهەمی خۆراکی بۆ جیهان دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 8ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز گوتی، "رێکخراوی خۆراکی جیهانی پێشبینی دەکات، بە کاریگەرییەکانی جەنگ ژمارەی ئەو خەڵکانەی دووچاری ناجێگیری لە ئاسایشی خۆراک دەبنەوە بۆ 49 ملیۆن کەس بەرزبکاتەوە لە 2022".
هاوکات بەرپرسانی رووسیا داوای لابردنی سزاکانی رۆژئاوا دەکەن بۆ سەر مۆسکۆ لە بەرامبەر هەر رێککەوتنێک بۆ کردنەوەی بەندەرەکان.
ئەمە لە کاتێکدایە، بە گوتەی بەرپرسانی رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو مین و تەقەمەنییانەی لەلایەن سوپای ئۆکراینا و رووسیا لە نزیک ئەو بەندەرانە دانراون، بۆ ماوەی چەند مانگێک هەناردەی دانەوێڵە هەر رادەگرن.
نرخی خۆراک؛ ژمارە و جۆری مینەکان
ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی دانەوێڵە دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2022 بۆ 2023، کورتهێنان لە ئاستی وەبەرهێنانی دانەوێڵە لە جیهان دروست بێت. ئەنجوومەنەکە رایگەیاندووە، راوەستانی هەناردەی ئۆکراینا زیاتر کاریگەریی نەرێنی دەخاتە سەر بەرهەمی خۆراکی لە جیهاندا و نرخی خۆراکیش بە ئەگەرێکی زۆر زیاتر دەبێت و برسێتی لە جیهان بۆ ئاستێکی نەخوازراو بەرزدەکاتەوە.
بەرپرسانی دەریایی رۆژئاوا دەڵێن، لەم قۆناخەدا روون نییە کام جۆری مین لەو بەندەرانە دانراون. وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا مانگی ئادار بە میدیای رۆژئاوای راگەیاندووە، 372 مین لە جۆری (R-421-75) لەلایەن سوپای رووسیاوە لە نزیک بەندەرەکان دانراوە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیاش لە هەمان مانگدا رایگەیاندووە، ئۆکراینا لە نزیک بەندەرەکانی ئۆدێسا، ئۆچاکۆڤ، کۆرنۆمۆرسک و یوژنی 400 مینی داناوە کە بەستراون بە بنی دەریاکەوە. رۆژی هەینی 10-6-2022، وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا رایگەیاند: "ژمارەیەک مینی دەریاییمان جێگیرکردووە وەکو پەیڕەوکردنی بڕگەی 51ـی دەستوور و مافی پارێزگاریکردن لە خۆمان".
رێککەوتی 26ـی ئایاری ئەمساڵ، رووسیا پاککردنەوەی تەواوی بەندەری ماریۆپۆلی لە مین راگەیاند و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ئەو 84 کەشتییەی لەو کاتەدا لەوێ بوون دووربخەنەوە کە زۆربەیان دانەوێڵەیان تێدا هەڵگیراوە.
کەناراوەکانی ئۆدێسا داخراون و نیشانەی ئاگادارکردنەوەی مینیان لێدراوە، هەندێک لە تەقەمەنییەکان تاوەکو کەناراوەکانی تورکیا و رۆمانیا درێژبوونەتەوە. گای پلاتن، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی کەشتیوانی نێودەوڵەتی دەڵێت، "بۆ هیچ کەشتییەک گونجاو نییە لەو ناوچانە دەربچێت یاخود لێی نزیکبێتەوە تاوەکو مینەکان لانەبرێن و بارودۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ