رووداو دیجیتاڵ
یانەی دینامۆ مۆسکۆی رووسی رایگەیاند، یاریزانێکی پیشەگەری یانەکەیان، بەهۆی جەنگی ئۆکراینا و رووداوەکانی ئەو جەنگەوە بەپەلە گرێبەستی خۆی لەگەڵ یانەکەدا هەڵوەشاندووەتەوە و رووسیای بەجێهێشتووە.
یانە رووسییەکە کە بەهۆی سزاکانی فیفاوە ناتوانێ بەشداریی لە خولە ئەوروپییەکاندا بکات و تەنیا لە خولی رووسیادا رکابەریی دەکات، ئاشکرایکردووە ماتیاس نۆرمان، یاریزانی ناوەڕاستی نەرویجی، بەهۆی هێرشی درۆنە ئۆکراینییەکانەوە یانەکەی بەجێهێشتووە.
یانە رووسییەکە دەڵێ، نۆرمان نیشتەجێی مۆسکۆی پایتەخت بووە، هەفتەی پێشوو ژمارەیەک درۆنی ئۆکراینی هێرشی خۆکوژییان کردووەتە سەر چەند باڵەخانەیەکی نزیک لەو ناوچەیەی ئەو لێی نیشتەجێیە، هەربۆیە ئەو یاریزانە گرێبەستەکەی هەڵوەشاندووەتەوە و ریزەکانی یانەکەی بەجێهێشتووە.
نۆرمان یەکێکبوو لەو یاریزانە دەگمەنانەی رۆژئاوای ئەوروپا کە لە دوای هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا لە مانگی دووی ساڵی رابردوو، لە یارییکردن لەگەڵ یانە رووسییەکە بەردەوامبوو و رازینەبوو گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و بەوەش لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی نەرویج دوورخرایەوە.
نۆرمان پێشتر لە یانەی رۆستۆڤی رووسیی یارییکردووە، پاشانیش پەیوەندی بە یانەی دینامۆوە کرد بەشێوەی خواستن.
پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، لە یاسایەکی تایبەتدا و لە دوای هەڵایسانی جەنگ لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا، رێگەیدا یاریزانان یەکلایەنە گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانە رووسی و ئۆکراینییەکاندا هەڵبوەشێننەوە.
پافڵ بیڤۆفارۆڤ، سەرۆکی جێبەجێکاری یانەی دینامۆ مۆسکۆ لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرایکردووە، نۆرمان پەنای بۆ بیانووی ئاسایشیی بردووە لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی و یانەکەی بیر لەوە دەکاتەوە رێوشوێنی یاسایی بەرامبەری بگرێتە بەر.
لەماوەی رابردوودا هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا بۆسەر باڵەخانە جیاوازەکان لە مۆسکۆ پەرەیان سەندووە و لە دوایین هێرشدا کە بەر لە هەفتەیەک ئەنجامدرا، چەندین باڵەخانەی بەرزی پایتەخت زیانیان بەرکەوت.
لە مانگی نۆی رابردوودا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی نەرویج رایگەیاندبوو کە بەراوێژ لەگەڵ ستۆل سۆلباکینی راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکە، بڕیاریداوە نۆرما لە پۆشینی درێسی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بێبەش بکات.
نۆرمان پێشتر لەگەڵ هەریەکە لە ئێرلینگ هالاند و مارتن ئۆدیگارد، بەشداری لە دوانزە یاریی هەڵبژاردەی نەرویجدا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ