رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق - سۆمۆ رایدەگەیێنێت: بەربەستی گەورە لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت دا نەماوە، کێشەکە تەکنیکییە و تێگەیشتنی لایەنێکی دەوێت.
حەمدی شنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ لە هەولێر قسەی بۆ بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو کرد. گوتی، "ئێمە بەڕاستی خەریکین، کاک مەسرور بارزانی بەجدی لەسەر ئەو مەوزوعەیە و.. سوودانیش هەروەها کار دەکات ئەو پرسە کۆتایی بێت و [نەوت هەناردە بکرێتەوە]."
لە 23ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە وەستاوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس. لەدوای ئەو بڕیارەوە، بە گوتەی بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 24 ملیار دۆلار زیان بە
لەبارەی کاتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، شنگالی دەڵێت: ناتوانن بڵێن ئەمڕۆ یان سبەی، بەڵام "کۆبوونەوەکان بەردەوامن، شتێکی وا گەورە نەماوە لەنێوانیان کە بڵێین شتێکی گەورەیە و ناکرێت، شتێکی سادەیە."
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی دەمێنێتەوە تێگەیشتنێکە بۆ پرسەکە،" ئەوەش پەیوەندیدارە بە لایەنی سێیەم کە جۆری کارەکەی چۆن دەبێت.
ئێستا هەناردەکردنەوەی نەوت لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق رۆژی چوارشەممە پانێلێکی تایبەت لە کۆڕبەندی سلێمانی رایگەیاند زیاتر لە ساڵ و نێوێک پەیوەندى لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەدیاریکراوى لەگەڵ وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان هەبووە، لە بارەى میکانیزمى هەناردەکردنەوەى نەوت، چونکە پێویستییەکى زۆر هەیە بۆ زیادکردنى داهات و بۆ پاڵشتى بودجەى عێراق، کە سوودیشى بۆ حکومەتى هەێمى کوردستان هەیە.
وەزیرى نەوتى عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، سێ کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانى تەکنیکى هەرێمى کوردستان کردووە و لەسەر چارەسەرکردنى چەند تێبینییەک رێککەوتوون، "بەڵام کۆمپانیاکان ویستیان بزانن چۆن شایستە داراییەکانیان دەستدەکەوێت؟ نووسراوێک بە واژۆى وەزیرى دارایی کراوە کە بەڵێنى خەرجکردنى ئەو پارانە دەدات بۆ کۆمانیاکانى نەوت".
یەکێکى دیکە لەو کێشانەى کە بەربەستن بوون لە بەردەم رێککەوتنى هەولێر و بەغدا قەرزى کۆمپانیاکانى نەوت بووە لە هەرێمى کوردستان. بەگوتەى وەزیرى نەوت کۆمپانیاکانى نەوت داوایان کردووە حکومەتى فیدراڵى ئەو قەرزانە بداتەوە و ئەوە لە هەموارى یاساکەدا نەهاتووە و دەکرێت لەدواى جێبەجێکردنى هەموارەکە گفتوگۆى لەبارەوە بکرێت.
حەیان عەبدولغەنی گوتیشی، "دەرگەکان دانەخراون لە بەردەم دانوستاندن.. چوار کۆمپانیا رێککەوتنیان لەگەڵ وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان هەیە بۆ هەناردەکردنى نەوت و کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوت (سۆمۆ) گرێبەستى لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە کردووە و، نوێ کراوەتەوە بۆ ئەوەى ئامادە بن بۆ هەناردەکرنەوەى نەوت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ