نرخی نەوت دوای دابەزینە بەرچاوەکەی، جێگیرە

24-04-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی دوێنێ نزیکەی دوو دۆلار دابەزی، ئەمڕۆ نرخی نەوت جێگیرە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت 25 سەنت بەرزبووەوە و بە 66.14 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسیش 15 سەنت بەرزبووەوە و بە 62.25 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. 
 
ئەگەری زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن ئۆپێک پڵەس و پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخی نەوتن. 
 
بەپێی سێ سەرچاوە کە قسەیان بۆ میدیای ئەمریکی کردووە، بەشێک لە ئەندامانی ئۆپێک پڵەس داوایان کردووە بۆ مانگی حوزەیران، گرووپەکە بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکات. ئەوەش دەبێتە دووەمین مانگی لەسەریەک کە ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکات. 
 
لە لایەکی دیکەوە، ئاماژەکانی لێکنزیکبوونەوەی ئەمریکا و چین لەبارەی دانوستاندن لەسەر پێناسە گومرگییەکان، کەمێک پاڵپشتیی بۆ نرخی نەوت دروستکردووە.
 
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت، ئەمریکا ئامادەیە پێناسی گومرگی لەسەر چین بۆ 50٪ کەمبکاتەوە تاوەکو دەرفەت بۆ دانوستاندن دروستبکات.
 
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکاش رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، پێناسە گومرگییەکانی ئێستای ئەمریکا و چین لەسەر یەکدی بەردەوام نابن و دەبێت بەر لە گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵات کەمبکرێنەوە، بەڵام کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، ئەمریکا تاکلایەنانە گومرگ لەسەر کاڵاکانی چین کەمناکاتەوە.
 
ئەمریکا گومرگی 145٪ـی بەسەر کاڵاکانی چین سەپاندووە. چینیش بە 125٪ وەڵامی داوەتەوە.
 
شرۆڤەکارانی دامەزراوەی توێژینەوەی وزەی 'ریستاد ئینێرجی' دەڵێن، شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و چین دەتوانێت گەشەی خواستی چین لەسەر نەوت لە ئەم ساڵدا لە 180 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ 90 هەزار بەرمیل کەمبکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە