رووداو دیجیتاڵ
رێژەی کورتهێنان لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 بەپێی رەشنووسەکەی پەرلەمانی عێراق کە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کردووە 32.3٪ دەبێت، واتە 64 تریلیۆن دینار. ئەمەش گەورەترین کورتهێنانە لە سەرجەم یاساکانی بودجەی عێراق لە دوای 2004ەوە.
عێراق بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە دەبێت نزیکەی 23 تریلیۆن دینار قەرزی نێوخۆی و دەرەکی بکات. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: "ژمارەکە کارەساتە و زۆرە، دەکرا ئەو رێژەیە کەمتر بێت، بەتایبەت 23 تریلیۆن دینار پارەی نەوتی ساڵی رابردوو ماوەتەوە."
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو بۆ رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق، کورتهێنان یەکێکە لە گەورەترین کێشەکانی نێو رەشنووسەکە و بڕی 64 تریلیۆن و 469 ملیار و 192 ملیۆن دینار دەبێت، کورتهێنان کە جیاوازیی نێوان بڕی داهاتەکان و بڕی خەرجییەکانی نێو بودجەیە، وەکو لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023دا هاتووە، بە چەند رێگەیەک پڕ دەکرێنەوە لەوانە، زیادەی داهاتی بەدەستهاتوو لە زیادبوونی نرخی نەوتی هەناردەکراو، یان لە زیادەی هەناردەی نەوت، یان لە قەرزکردنی نێوخۆی و دەرەکی، هەروەها پارەی ماوەی هەژماری وەزارەتی دارایی.
بەپێی رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، پارەی ماوە لە هەژمارەی وەزارەتی دارایی بە 23 تریلیۆن و 504 ملیار و 237 ملیۆن دینار خەمڵێندراوە، هەروەها لە قەرزەکانیشدا 15 قەرز بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان دەستنیشانکراوە.
عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان لە بودجەدا لە ساڵی 2023دا دەبێت بەبڕی 22 تریلیۆن و 697 ملیار دینار قەرزی نێوخۆی و دەرەکی بکات.
رۆژی سێشەممە، 11-4-2023، ماجیدە تمێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "زیادبوونێکی زۆر لە بڕی کورتهێنان لە رەشنووسی ساڵی 2023 هەیە و زیادبوونەکە 49 ملیار و 592 ملیۆن دۆلار دەبێت، لەکاتێکدا بڕگەی چواری ماددەی شەشی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی باس لەوە دەکات نابێت رێژەی کورتهێنان لە بودجەی پلان بۆ داڕێژراو لە 3٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی زیاتربێت، لەکاتێکدا ئەو کورتهێنانە رێژەی 32.3٪ـی کۆی تێچوونەکان و رێژەی 20٪ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی پێکدەهێنێت."
هەروەها لەگەڵ پێشنیازکردن بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کورتهێنان لە رەشنووسی بودجە، ماجیدە تمێمی دەڵێت: "ماددەی 64ـی رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2023 دەڵێت: کورتهێنان بەدەر بکرێت لە کورتهێنانی پلان بۆ داڕێژراو لە رێژەی دیاریکراو کە ئەمە سەیرە، لێرە دەپرسین ئەگەر حکومەت بیەوێت یاسای بەڕێوەبردنی دارایی جێبەجێ بکات، بۆچی یاسا دەردەکرێت.؟"
سیپان عەزیز، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کورتهێنانی بودجەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بودجەی عێراق کورتهێنانێکی زۆری هەیە و کارەساتە؛ داهاتەکانی ساڵی رابردوو کە ماوەتەوە 23 تریلیۆن دینار دەبێت، بەڵام ئەمساڵ نزیکەی 40 تریلیۆنی دیکە قەرز کراوە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان."
بەپێی رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق، کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە خەرجییەکان زیاتر لە 199 تریلیۆن دینار دەبن و داهاتەکانیش 134 تریلیۆن دینار، کە 87.1٪ـی داهاتی نەوتییە، رەشنووسەکە لە 29 لاپەڕە و 67 مادە پێکهاتووە.
قەرزی نێوخۆی و دەرەکی 12 تریلیۆن و 750 ملیار و 981 ملیۆن و 21 هەزار دینار دەبێت، لەنێویاندا 400 ملیار دینار لە دانەوەی شایستەکانی بانکی بازرگانیی عێراقی لە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ