جەمال کۆچەر: یەک لەسەر سێی بودجەی 2023ـی عێراق بۆ مووچەی مووچەخۆران دەبێت

09-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دامەزراوەی عێراقی ئاییندە بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاریی ئابووری دەڵێت، مووچەی مووچەخۆرانی حکومەتی عێراق لە ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی 3٪ زیادیکردووە و مووچەی مووچەخۆرانی کەرتی ئەمنی رێژەی 53ـی کۆی مووچەی مووچەخۆران پێکدەهێنێت. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، "ژمارەی مووچەخۆران لە بودجەی ساڵی 2023دا زیاتر دەبێت و 60 بۆ 65 تریلیۆن دینار دەبێت لە کۆی نزیکەی 200 تریلیۆنی بودجەی گشتی."
 
رۆژی پینجشەممە، 9-3-2023، دامەزراوەی عێراقی ئاییندە بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاریی ئابووری، پوختەی توێژینەوەیەکی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق بڵاوکردەوە. بەپێی توێژینەوەکە؛ لە ساڵی 2022دا مووچەی مووچەخۆرانی عێراق 43 تریلیۆن و 76 ملیار دینار بووە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2021دا 42 تریلیۆن و 44 ملیار دینار بووە، واتە بەراورد بە ساڵی 2021، رێژەی مووچەی مووچەخۆران لە ساڵی 2022دا 2.9٪ زیاتر بووە.
 
مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دامەزراوەی عێراقی ئاییندە بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاریی ئابووری، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ساڵی 2022دا مووچە 26.9٪ـی کۆی داهاتی عێراق بردووە. کەرتی ئەمنیش زۆرترین مووچەی بۆ تەرخانکراوە کە 53.48٪ـی کۆی مووچە بووە. لەو بڕە وەزارەتی ناوخۆی عێراق 27٪ و وەزارتی بەرگری رێژەی 16٪ بردووە".
 
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە بە رووداوی گوت، "لە یاسای بودجەی ساڵی 2021دا 53 تریلیۆن و 834 ملیار وەک مووچە و پاداشتی فەرمانبەرانی عێراق جێگیرکرا، دواتر لە ساڵی 2022 ژمارەیەکی زۆر مووچەخۆر زیادبوون و لانیکەم هەر پارێزگایەک هەزار کەسی بۆ دامەزرا، جگە لە بەهەمیشەییکردنی وانەبێژان و گرێبەستەکان و دواتر نزیکەی 800 هەزار کەسی دیکەش دامەزران، بۆیە پێشتر زیاتر لە 3 ملیۆن و 260 هەزار مووچەخۆر لە عێراق هەبوون و ئێستا بۆ زیاتر لە چوار ملیۆن زیادیکردووە."
 
جەمال کۆچەر گوتی: "پێشبینی دەکەین لە رەشنووسی بودجەی ساڵی 2023ـی عێراق 60 بۆ 65 تریلیۆن دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی عێراق تەرخانبکرێت. بودجە بەگشتی زیاتر لە 198 تریلیۆن دەبێت و بەو پێیە یەک لەسەر سێی کۆی بودجەکە بۆ مووچەی مووچەخۆران دەبێت؛ هەروەها پارەی مووچەخۆران رێژەی 70٪ـی بوودجەی بەکاربردن پێکدەهێنێت." 
 
بەپێی ئەو توێژینەوەی دامەزراوەی عێراقی ئاییندە بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاریی ئابووری کردووەیەتی، وەزارەتی خوێندنی باڵا رێژەی 5.23٪ـی مووچەی مووچەخۆرانی بەردەکەوێت و وەزارەتی پەروەردە رێژەی 5.3٪ و وەزارەتی تەندروستی 3.17٪ و پارێزگای بەغدا 6.79٪ دەبێت، لەکاتێکدا پارێزگای زیقار رێژەی 2.65٪، بابل 2.62، بەسرە 2.61، دیالە 2.1٪، نەجەف 1.76٪، دیوانیە 1.86٪، کەربەلا 1.49٪، واست 1.62٪ دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەیان گەنج لە بازاڕی گەنجان بەرهەمەکانیان نمایش کرد.

200 گەنج لە بازاڕی گەنجانی هەولێر بەرهەمەکانیان نمایش کرد

ئیلاف کچێکی 21 ساڵانە، لەگەڵ ئەوەی خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەڵام بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن داهاتی خۆی، دەستی داوەتە کاری دەستی و کەلوپەلەکانی لە بازاڕی گەنجان نمایشکرد.