راوێژکارێکی بانکی کوردستان: نرخی دینار زیاتر دادەبەزێت

07-12-2023
رێناس ساڵح
نیشانەکردن نرخی دینار و دۆلار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی بانکی کوردستان دەڵێت، بەهای دینار زیاتر دادەبەزێت و بەهای 100 دۆلار دەگاتە 160 هەزار دینار. ئەمەش پاش ئەوەی عێراق و تورکیا رێککەوتن بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان، یۆرۆ و لیرە بەکاربهێنن. 

د.هومام ئەلشەمماع، ئەندامی ئەنجوومەنی کارگێڕی و راوێژکاریی بانکی نێودەوڵەتیی کوردستان، لە عێراق لە کاتی بەشداری کردنی لە بووڵەتنی ئابووری رووداو کە بەختیار عەبدولعەزیز، پێشکێشی دەکات ئاماژەی بەوەکرد، لە عێراق دوای جێبەجێکردنی رێکەوتنی عێراق لەگەڵ تورکیا بۆ بەکارهێنانی یۆرۆ لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان لە بری دۆلار بانکی ناوەندیی عێراق دەستیکردوە بە کەمکردنەوەی خستنەڕووی دۆلار.
 
بە گوتەی ئەلشەمماع، بانکی ناوەندی مانگانە لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنییەوە 70% خستنەڕووی دۆلاری کەمکردووەتەوە هەر بۆیە گوشارێکی زۆر لەسەر دەستکەوتنی دۆلار هەیە. ئەوەش بەهای دینار دادەبەزێنێت، بەم نزیکانە بەهای 100 دۆلار لە سەرووی 160 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی بازرگانیی تورکیا مانگی رابردوو بایی 1.29 ملیار دۆلار کاڵا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هەناردەکراوە.
 
د.هومام ئەلشەمماع، باس لەوەدەکات عێراق زەرەمەند دەبێت ئەگەر بە یەکجاری دەستبەرداری دۆلار ببێت ئەوەی ئێستا بانکی ناوەندی دەیکات چارەسەرێکی کاتییە و دەڵێت، "ئەوە تەنیا سڕکردنێکی کاتییە" چونکە عێراق پێویستی بە دۆلارە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران، چونکە پەیوەندی بازرگانیی عێراق و ئێران پشتیوانی گەورەی سیاسی هەیە و بازرگانانی ئێران دۆلاریان دەوێت، بانکی ناوەندیی ئێران ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی وەک تورکیا لەگەڵ عێراق رێککەوتن بکات، چونکە ئەو وڵاتە ژمارەیەکی زۆر سزای لەسەرە.
 
بەگوێرەی داتاکانی گومرگی ئێران لە هەشت مانگی رابردوودا بە بەهای شەش ملیار و 23 ملیۆن دۆلار کاڵا لەو وڵاتەوە هەناردەی عێراق کراوە. بەوپێیە مانگانە بە بەهای 750 ملیۆن دۆلار کاڵا لە ئێرانەوە هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە.
 
راوێژکارەکەی بانکی نێودەوڵەتیی کوردستان، ئاماژەبەوەشدەکات چارەسەری ناجێگیر و دابەزینی دینار دەتوانرێت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە تاڕادەیەک چارەسەر بکرێت، چونکە پارەی کاش لە بازاڕ زیاد دەکات. دەشڵێت، "ئەگەر یاسای بوجە جێبەجێنەکرێت بەهای 100 دۆلار دەگاتە 200 هەزار دینار."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە