بەرپرسێکی بازرگانیی ئێران: بازرگانیمان لەگەڵ عێراق لە 11 ملیار دۆلار نزیک دەبێتەوە

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکی بازرگانیی ئێران دەڵێت، لە هەشت مانگی رابردوودا بایی زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار کاڵایایان هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
 
عەبدولئەمیر رەبیحاوی، بەڕێوەبەری بەشی رۆژئاوای ئاسیا لە رێکخراوی پەرەپێدانی بازرگانیی ئێران رایگەیاند، لە حەوت مانگی یەکەمی ساڵی دارایی ئێران [20ـی ئادار تاوەکو 21ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ]، بایی 7 ملیار و 288 ملیۆن دۆلار کاڵایان هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
 
عەبدولئەمیر رەبیحاوی راشیگەیاند، بەپێی ئامارە بەراییەکان، لە تشرینی دووەمی ئەمساڵیشدا بایی ملیارێک دۆلار کاڵایان هەناردەی عێراق کردووە.
 
رەبیحاوی دەڵێت، بەم پێیە، تاوەکو ئێستا بایی 8 ملیار و 288 ملیۆن دۆلار کاڵایان هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە.
 
بەرپرسەکە گوتیشی، بەم ئاراستەیەی ئێستا، پێشبینی دەکەین تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵی دارایی ئێران [کە لە 20ـی ئاداری 2025 کۆتایی دێت] هەناردەمان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بگاتە 11 ملیار دۆلار کە ئاستێکە پێشتر تۆمار نەکراوە.
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، کەرەستەی بیناسازی لەنێویاندا جۆرەکانی ئاسن، کاشیی سیرامیک، بەرهەمە خۆراکییەکان، بەرهەمە کیمیایی و پێترۆکیمیاییەکان و پلاستیکییەکان دیارترین ئەو کاڵایانەن کە بۆ عێراق هەناردە دەکرێن.
 
ئێران نزیکەی هەزار و 450 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە، کە 550 کیلۆمەتری لەگەڵ هەرێمی کوردستانە. لەدوای تورکیاوە دووەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانییە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە