ئەمریکا تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 2.5 ملیار دۆلاری دیکە بۆ عێراق دەنێرێت

21 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێناس ساڵح
دۆلاری ئەمریکی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دۆلاری ئەمریکی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەو 7.5 ملیار دۆلارەی سوودانی داوای لە ئەمریکا کردبوو بۆ عێراقی بنێرێت بڕی یەک ملیار و نیوی گەیشتووەتە عێراق. 
 
شارەزایەکی ئابووری ئاگادار لە بانکی ناوەندی دەڵێت: "بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ نیوەی ئەو پارەیەی داواکراوە ئەمریکا بینێرێت، چونکە عێراق کێشەی نەختینەی هەیە و دەیەوێت بەو دۆلارە چارەسەری بکات".
 
هێڤیدار شەعبان، شارەزای دارایی ئەمڕۆ 03-12-2024 میوانی بووڵتەنی ئابووریی رووداو بوو، گوتی: "حکومەتی عێراق کورتهێنانی لە دینار هەیە و مانگانە بە هۆی کەمی نەختنیەی دینار تووشی کێشە دەبێت بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی، ناچارە قەرز لە بانکە نێوخۆییەکان بکات. نزیکەی 60 بۆ 70 تریلیۆن دیناری بانکەکان قەرزارە. ئێستا دەیەوێت ئەو دۆلارە بەکاربهێنێت بۆ گەڕانەوەی متمانەی بانکەکان".
 
هێڤیدار شەعبان، دەشڵێت: "بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ئەمریکا بڕی یەک ملیار بۆ یەک ملیار و نیو دۆلاری دیکە بنێریت بۆ عێراق بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە لە دوو هەفتەی داهاتوو سوودانی سەردانی ئەمریکا بکات".
 
بۆ ناردنی ئەو بڕە دۆلارە ئەمریکا مەرجی هەیە، بە عێراقی راگەیاندووە نابێت ئەو دۆلارە لە بازاڕەکانی عێراق مامەڵەیان پێوە بکرێت. ژمارەی سەر دۆلارەکان هەمووی لە سەکۆی ئەلیکترۆنی تۆمارکراوە، تەنیا دەبێت بدرێت بە بانکەکان.
 
هێڤیدار شەعبان، دەڵێت: "ئەگەر ئەو دۆلارانە لە بازاڕی رەشدا ببینرێت ئەوا سیستمی بانکی عێراق متمانەی لە دەست دەدات لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەمریکا دۆلاری دیکەی بۆ نانێرێت". 
 
لە 2003 تاوەکو 2008 ئەمریکا ساڵانە لە نێوان 10 تاوەکو 12 ملیار دۆلاری بە کاش بە فڕۆکە دەگواستەوە بۆ عێراق، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا پێدانی پارەی کاش بە عێراق گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. 
 
بەگوێرەی رێککەوتنی خەزێنەی ئەمریکا و بانکی ناوەندیی عێراق بڕیارە کۆتایی ئەم ساڵ مامەڵەکردن لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنی کۆتایی بێت.
 
بە گوتەی ئەو شارەزاییەی ئابووری، هەنگاوی یەکەم بانکی ناوەندی کۆتایی 2024 مامەڵەی هاووڵاتییان لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنی کۆتایی پێدەهێنێت لەوانە پێدانی دۆلار بە مەبەستی گەشتکردن، خوێندن یان نەخۆشی.
 
هێڤیدار شەعبان، باسلەوەدەکات ئەوکات پێدانی دۆلار دەبێت بە ئەلیکترۆنی لە رێگەی چوار کۆمپانیاوە دەدرێت بە هاووڵاتییان بۆ گەشتکردن لە ژێر سەرپەرشتی بانکەکانی رەشید، رافیدەین و TBI  قۆناخی کۆتایی داخستنی سەکۆی ئەلیکترۆنی بۆ بازرگانان دەکەوێتە مانگی یەکەمی ساڵی 2025.
 
لە دوای کۆتایی هاتنی سەکۆیی ئەلیکترۆنی بازرگانان و هاووڵاتیان لە رێگەی 32 بانکەوە دەتوانن پارە حەواڵە بکەن، عێراق خاوەنی 64 بانکە، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە 32 بانکیان ناتوانن مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن تەنیا دەتوانن مامەڵەی نێوخۆیی بکەن.
 
هەرچەندە مەترسییە جیۆسیاسیەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر دیناری عێراقی دادەنێت، بەڵام هەبوونی یەدەکی گەورەی بانکی ناوەندی و بەردەوامی هاتنی دۆلار بە کاش دەتوانێت رێگری بکات لە دابەزینی نرخی دینار و ببێتە هۆکار بۆ سەقامگیرکردنی.
 
هێڤیدار شەعبان، گوتی: "ئەگەر سەروەریی خاکی عێراق پێشێلنەکرێت و ئەمریکا دۆلاری دیکە بنێرێت نرخی دینار بەرزدەبێتەوە بەتایبەت لەگەڵ سەردانی سوودانی لە دوو هەفتەی داهاتوو 100 دۆلار دێتە ئاستەکانی 148000 هەزار دینار، بەڵام ئەگەر گرژییەکان بگەنە عێراق بەدەر لە میلیشیاکان ناوەندە ئابوورییەکانی عێراق بە ئامانج بگیرێت نرخی 100 دۆلار دەگاتە سەرووی 170 هەزار دینار".
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە