رووداو - سلێمانی
مامەڵەکردن بە لیرەی سووری ژمارەیەکی زۆر کاسبکار و دراوفرۆشی لەدەوری خۆی کۆکردووەتەوە و بازاڕی دراوفرۆشانی سلێمانیی گەرم کردووە و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی زەرەرمەند بوون.
هەموو رۆژێک لە بازاڕی دراوفرۆشتنی سلێمانی 400 بۆ 600 ملیۆن لیرەی سووریی کەپسی هەڵنەپچڕاو لەنێو ئەو دراوفرۆشانە و هاونیشتمانییاندا مامەڵەی پێوە دەکرێت.
شوان 27 ساڵە لەو بازاڕەدا کار دەکات، لای ئەو مامەڵکردن بە لیرەی سووری هیچ نییە جگە زیانگەیاندن بە گیرفانی ئەو کەسانەی مامەڵەی پێوە دەکەن.
شوان محەممەد، دراوفرۆشە و دەڵێت، "27 ساڵە لەم بازاڕەدا کار دەکەم. کەمترین کەس لە مامەڵکردن بە لیرە و تمەندا سوودی بینیوە؛ زۆرینەیان زەرەرمەند بوون. چەندین ساڵیشە بەهۆی جەنگەوە بەهای لیرەی سووری دابەزیوە. ئێستاش هیچ بەرچاوڕوونییەک نییە بۆ بەرزبونەوەی بەهاکەی، بۆیە مامەڵکردن پێوەی هەر زەرەرە بۆ خەڵکی."
بەستەیەک لیرە بڕی دوو ملیۆن لیرەی سووریە کە بەهای 511 دۆلارە. تەنیا بە لێکردنەوە بەرگە نایلۆنەکەی زیاتر لە 75 دۆلار لە بەهاکەی دادەبەزێت.
ئەو دراوە بە لۆکی و کەپسی لە رێگەی فیشخاپوورەوە بە قاچاغ دێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
وشیار حەمەڕەسووڵ¤، مامەڵەکاری لیرەیە و دەڵێت، "زیاتر لە 80 کەسین لەم بازاڕەدا کاری فرۆشتنی لیرە دەکەین و زۆرینەی رۆژ بڕی 500 ملیۆن لیرە دێتە سلێمانی و مامەڵەی پێوە دەکرێت و خەڵکێکی زۆریش مامەڵەی پێوە دەکات."
ساڵح حەمەئەمین، هاوپیشەی وشیارە و باسی لەوە کرد، "لیرەیەکی زۆر لە دەروازەی سنووریی فیشخاپوورەوە دێتە زاخۆ و لەوێیشەوە دێتە هەولێر و دهۆک و سلێمانی، لێرەش بە کەپسی مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەگەرنا مامەڵەی دارایی بۆ کڕین و فرۆشتنی پێوە ناکرێت."
لیرەی سووری لە سلێمانی و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە دەچێتە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و لەوێ بەهۆی نزیکییان لە سووریا و تێکەڵیی گرووپە چەکدارە شیعەکان بە سووریاوە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت.
جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە بەراورد بە پێنج مانگ لەمەوبەر %35 دابەزیوە و بە بەراورد بە پێش جەنگی سووریا 47 هێندەی نرخی ئەو کاتی دابەزیوە. لە بازاڕیشدا ئەو کەسانەی مامەڵە دەکەن شارەزای ئەو بوارە نین، بۆیە زەرەرمەند بوون و وا باشترە ئەو کەسانە خەڵکی خۆیان لە مامەڵەکردنی لیرەی سووری بە دوور بگرن."
لە بازاڕی دراوەکەی سلێمانیدا نزیکەی 80 کەس لە خاوەن نووسینگە و فرۆشیارانی دراو مامەڵە بە لیرەی سوورییەوە دەکەن و هەر یەکەیان چەندین ملیۆن لیرەیان کڕیوە و چاوەڕوانن تاوەکو لە داهاتوودا بەهاکەی بەرز ببێتەوە و قازانج ببینن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ