رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەگوێرەی یاسای بودجە هەموو مانگێک تریلیۆنێک و 300 ملیار دینار مافی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، دوای ئەوەی دانوستانەکان ئەنجامیان نەبوو، عێراق هاتووەتە سەر میکانیزمی قەرز کە ئەویش 500 ملیار دینارە و ئەوەش بەشی مووچە ناکات چونکە داهاتی نەوتی نییە.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە 04-09-2023) لەبارەی دانوستاندنەکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، مووچە و هەنادەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان کرد. لە کۆنفرانسەکەدا وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەیان کرد.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا ئاماژەی بەوەکرد، لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدییەوە (سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئۆکتۆبەری 2018 بۆ نۆڤەمبەری 2019) حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەبووە، بەڵام جێبەجێ نەکراون و دواتر لە 2023، رێککەوتنیان لەبارەی هەموو ئەو ژمارانە کردووە، کە لە یاسای بودجەدا هەبوون، بەڵام دووبارە جێبەجێنەکراوە.
ئاوات شێخ جەناب گوتی، "کۆی گشتیی پشکی هەرێم کە لە یاسای بودجەدا پەسندکراوە، دەکاتە 16 ترلیۆن دینار، کە 13 ترلیۆن و نیوی تێچووی تەشغیلییە، بەڵام دوای ئەوەی مانگی شوبات دوایین رێککەوتن لەبارەی یاساکە کرا و، مانگی نیسان بە ئامادەبوونی هەردوو سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو رێککەوتنە واژۆکرا و لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیشدا پەسەندکرا و چووە لیژنەی دارایی و لەوێ ژمارەکان نا، بەڵکو دەقەکان گۆڕدران، کە بووە هۆی ئەوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل بکات و وایکرد یاسای بودجە کێشەی بۆ هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراقیش دروستکرد."
بەگوتەی وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، یاسای بودجە ستەمێکی گەورە بووە لە کورد و دەڵێت، "پاش زنجیرەیەک کۆبوونەوە، ئێستا کێشەیەک دروستبووە ئەنجامەکەی بەوە تەواو بووە؛ شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەگوێرەی یاسای بودجە دەبێت هەموو مانگێک تریلیۆنێک و 300 ملیار دینار بێت، نییە و بە خەرجیی فیعلی مامەڵەمان لەگەڵدا دەکەن کە بەگوێرەی تێچووی فیعلی بێت، لە پارێزگاکانی عێراق هەرێمی کوردستانیان دەرکردووە."
ئاوات شێخ جەناب دەڵێت، "بۆ داهاتی ئێمە، بەلایانەوە ئاساییە هەموو داهاتی نەوتی و نانەوتی ببەن، بەڵام لە شایستەکانی ئێمە حسابمان بۆ ناکەن و حسابی 15 پارێزگا دەکەن، لە خەرجیی فعلیشدا هی چەند مانگی رابردووی ئێمە دەوروبەری پێنج تریلیۆن دینارە، کە ئەگەر بۆیان هەژمار بکردینایە، ئەوە مانگانە زیاتر لە 900 ملیار دیناری دەکرد، بەڵام ئەوەشمان لەگەڵدا ناکەن."
بەگوتەی ئاوات شێخ جەناب، "عێراق هاتووە خەرجیی 15 پارێزگاکەی و سیادی کە ژمارەکەی بەس خوا دەزانێت چۆن دیاری دەکرێت، حاکیمە و سیادی لێ دەردەکەن و ئەوەی دەمێنێتەوە لە 12.67ـی دەدەن و دەڵێن ئەوە مافی ئێوەیە. بەگوێرەی ئەو ژمارەی لە بودجە بۆ مووچەخۆرانی ئێمە دیاریکراوە، هەموو مانگێک تەنیا بۆ مووچە 940 ملیارمان بۆ دانراوە، بەڵام بەگوێرەی خەرجیی فیعلی بێت، مانگانە 598 ملیار دینار زیاترمان بەرناکەوێت."
لە ماوەی رابردوودا شاندی هەرێمی کوردستان چەندجارێک سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆبوونەوە کە بە گوتەی ئاوات شێخ جەناب، دانووستانەکان هیچ ئەنجامێکیان نەبووە.
وەزیری دارایی لەوبارەوە گوتی، "دوای ئەوەی دانووستانەکان هیچ ئەنجامیان نەبوو، هاتنە سەر میکانیزمی قەرز کە 500 ملیارمان بۆ دابین دەکەن و ئەوەش پێویستی ئێمە دابین ناکات، چونکە ئێمە ئێستا نەوت نافرۆشین، ئەو ماوەی نەوتمان دەفرۆشت، نزیکەی 20 مانگ مووچەمان دابین کرد، بەڵام ئێستا داهاتی نەوت نییە و داهاتی نانەوتی هەمووی بۆ حکومەتی فیدراڵ حیساب دەکرێت، کە دوای ئەوەی چاودێری دارایی هەردوولا وردبینی کردووە، مانگانە نزیکەی 320 ملیار دینارمان داهاتی نانەوتییە، کە بۆ پێداویستییەکانی هەرێمە و ئەوە لەگەڵ 500 ملیارەکەش بەشی مووچە ناکات."
سەرەڕای نەگەیشتنە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، ئاوات شێخ جەناب دەڵێت، دەیانەوێت دانووستانەکان بەردەوام بن و ناهەقییەکانی سەر هەرێم هەڵبگیرێت و ئەوەی تائێستا هەیە ئەوان لێ رازی نین، لەسەر خەرجیی فعلی، پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی عێراق تانەی گرتووە، "بەڵام بەداخەوە دادگە نامەوێت قسەی خراپی لەسەر بکەم، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامێکی دەستووری و یاسایی ئێمەی لەسەر خەرجیی فعلی کە لە دەستووردا نییە، نەداوەتەوە، بۆیە ستەم لە حکومەت دەکات."
تەواوی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ