لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق: چاوەڕوانی رەشنووسەکەی حکومەتین

02-07-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن نەوت و گاز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هێشتا حکومەت رەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراقی تەواو نەکردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە نزیکترین کاتدا رەشنووسەکە تەواوبکات و بینێرێتە پەرلەمان بۆ پەسندکردنی؛ ئاماژە بەوەش دەکات "پێشبینی دەکەین لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا ئەو کارە بکرێت. یاساکە کاریگەری لەسەر رێکخستنی کەرتەکە و ئەو سامانە نیشتمانییە و زیادبوونی داهاتیش دەبێت".
 
رۆژی یەکشەممە 2-7-2023، عەلی جۆرانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراقەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێستا حکومەتی عێراق لە رێگەی چەند لیژنەیەکەوە سەرقاڵی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گازە؛ کاری باشی لەسەر کراوە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت یاسایەک هەبێت کە دەسەڵات و ئەرکی پارێزگا و هەرێمەکان دیاری بکات و ئەو سامانە نیشتمانییە بەشێوەیەک بپارێزێت کە ببێتە هۆی زیادکردنی داهات."
 
عەلی جۆرانی گوتی، "هێشتا هیچ کاتێك لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ ناردنی رەشنووسەکە دیاری نەکراوە، بەڵام دوای ناردنی دەبێتە یەکێک لەو رەشنووسانەی کە دەبێت، بەزووترین کات دەنگی لەسەر بدرێت، چونکە پەیوەندی بە هەموو گەلی عێراقەوە هەیە و، ناکرێت وڵاتێکی نەوتی، بێ یاسای نەوت و گاز بەڕێوەبچێت، بەتایبەت ئێستا کە وەبەرهێنەران بەچڕی دێنە نێو عێراقەوە". 
 
لە ساڵی 2007ـەوە سێجار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز رەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان رێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە رەشنووسی ساڵی 2007، ساڵانى 2008 و 2011 دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى نێوان حکومەتى فیدراڵیی عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەریان، لە پەرلەمان پەسند نەکران. 
 
هاوکات زەینەب موسەوی، پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەکە بە رووداوی راگەیاند، "کاری لیژنەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەی داڕشتنێکی هاوبەش بەردەوامە؛ گرنگ ئەوەیە پارێزگاری لەو سامانە بکەین و وا بکەین بۆ هەموو گەلانی عێراق ببێتە هۆکاری خێر و خۆشی".
 
زەینەب موسەوی گوتی، "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، کەمێکی رەشنووسەکە تەواو بووە، بەڵام ئەوانەی تەواو بوون خاڵی سەرەکین؛ ئەوەی ماوە زۆرترە و چاوەڕوانی تەواوکردنی دەکەین". 
 
هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆسییەی نەوت و گاز لەگەڵ عێراق کێشەی هەیە، بەڵام لە رێگەی گوتوێژەکان، دروستکردنی لیژنەی لاوەکییەوە و چەند جارێک کۆبوونەوەی هەردوولا، ئێستا کەشێکی لەبارتر لەنێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داڕشتنەوەی رەشنووسەکە هەیە.
 
رۆژی 15ـى شوباتى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان بە "نادەستوورى" لە قەڵەم بدات، کە لە ساڵى 2007 لە پەرلەمانى کوردستان پەسندکرا، ئەوە جگە لە ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى بەرهەمى نەوتى بە حکومەتى فیدراڵیی عێراق.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی شاندی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی لە بەغدا لە 15-12-2024

شاندێکی وەزارەتی دارایی بۆ پرسی مووچە دەچێتەوە بەغدا

بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ کۆتایی بە کارەکانی تیمی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە داهاتی نێوخۆ و تەرازووی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان دێت و سبەی شاندێک دەچێتەوە بەغدا.