هاوردەکردنی گاز لە تورکمانستانەوە؛ چارەنووسی بەڵێنەکەی سوودانی و پڕۆژەکانی گازی سرووشتی لە عێراق

15-11-2023
مەحموود بابان @MahmoodBaban2
نیشانەکردن گازی هاوەڵ نەوت و گاز
A+ A-
بەرایی

رۆژی 8ـی نۆڤەمبەری 2023 لە عیشقئابادی پایتەختی تورکمانستان، شاندی عێراق و شاندی تورکمانستان واژۆیان لەسەر پرۆتۆکۆڵێک کرد کە مەرجە سەرەکییەکانی بازرگانیی فرۆشتنی گازی تورکمانستانی بە عێراق تێدایە، بەپێی پرۆتۆکۆڵەکە دەبێت ساڵانە تورکمانستان 9 ملیار مەتر سێجا گاز هەناردەی ئێران بکات و ئێرانیش بەهەمان قەبارە گاز هەناردەی عێراق بکاتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە محەممەد شیاع سوودانی لە رۆژی 4 ئایاری 2023 لە بەغدا رایگەیاند  "لەماوەی یەک بۆ سێ ساڵی داهاتوو، کۆتایی بە هاوردەکردنی گاز دەهێنین"، کەچی ئەگەر رێککەوتنە نوێیەکە جێبەجێ بکرێت، بۆ ماوەی 5 ساڵ عێراق گازی تورکمانستان هاوردە دەکات!
 
ئەم پێشڤەچوونە خێرایەی نێوان تورکمانستان و عێراق لەبواری گاز، بۆ مانگی هەشتی 2023 دەگەڕێتەوە، دوای سەردانی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ تورکمانستان و سەردانی مەقسەد بابایێڤ، وەزیری دەوڵەتی تورکمانستان بۆ کاروباری گاز لە 5ـی ئۆکتۆبەری 2023ـوە بۆ بەغدا و، سەردانی رۆژانی رابردووی وەزیری کارەبای عێراق بۆ تورکمانستان. لەوانەیە هەموو ئەمەش پەیوەندی بە سزاکانی ئەمریکاوە لەسەر ئێران هەبێت، چونکە هاوینی ئەمساڵ (2023)، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای چەندین جار درێژکردنەوە، 120 رۆژی دیکەی بۆ لێخۆشبوون لە هاوردەکردنی گاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق دەرکرد. ئێستا ئەم درێژکردنەوەیە بەرەو کۆتایی دەڕوات و وا دەردەکەوێت ئەمریکا چیدیکە لەم رووەوە نەرمی نەنوێنێت. 
 
ئەگەر ئەم رێککەوتنە واژۆی کۆتایی لەسەر بکرێت، دوو شتی گرنگ هەن کە پێویستە سەرنجیان بخەینەسەر، یەکەمیان رێککەوتنی تۆتال ئێنێرجیی فەرەنسی و وەزارەتی نەوتی عێراقە، کە دوای ساڵێک دواکەوتن، لە هاوینی 2023ـدا واژۆکرا و بووە گەورەترین وەبەرهێنانی بیانی لە کەرتی وزەی عێراق. بڕیارە کۆمپانیای تۆتال ئێنێرجی بە بڕی 27 ملیار دۆلار وەبەرهێنان بۆ پەرەپێدانی ئەم کەرتە بکات، بەتایبەتیش بەرهەمهێنانی گاز، لەسەرووی هەموویانەوە کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ! 
 
دووەمیان، پرۆژەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق و گرێبەستە نوێیەکان بۆ کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ، کە ئێستا بەپێی داتاکانی بانکی جیهانی لە 2022ـدا، لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە 198 کێڵگە و بیری بەرهەمهێنانی نەوتدا گازی هاوەڵ دەسووتێنرێت، کە قەبارەکەی  17.94 ملیار مەتر سێجایە و ئەگەر بفرۆشرێت، بەهاکەی سەرووی 2.05 ملیار دۆلارە.
 
لێرەدا هەڵوەستەیەک لەسەر چۆنییەتی هاوردەکردنی گاز لە تورکمانستان و بەڵێنەکەی سوودانی و چارەنووسی پڕۆژە ملیارییەکان بۆ کۆتایهێنان بە سووتانی گازی هاوەڵ و بڕی سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە و بیرە نەوتی و گازییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەکەین.
 
گازی تورکمانستان؛ گورزێک لە رێککەوتنەکەی تۆتال لە عێراق 
 
ئەگەر لێکتێگەیشتننامە و پرۆتۆکۆڵە واژۆکراوەکان بکەونە بواری جێبەجێکردن، ئەوا عێراق ساڵانە 9 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی تورکمانستان هاوردە دەکات. لەکاتێکدا، هاوردەکردنی گازی تورکمانستان بۆ عێراق راستەوخۆ نابێت، بەڵکو لەڕێگەی ئێرانەوە دەبێت، بەشێوەیەک ئێران ساڵانە 9 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی هەناردەی عێراق بکات، بەهەمان قەبارەش تورکمانستان گازی سرووشتی بۆ باکوور و باکووری - رۆژئاوای ئێران هەناردە بکاتەوە. 
 
ئەم شێوازەی کارکردن، یاخود گۆڕینەوەی گازە پێشتر لەلایەن تورکمانستان و ئێرانەوە کراوە، بۆ نموونە لە ساڵی 2021 تورکمانستان گرێبەستێکی بۆ دابینکردنی 1.5 بۆ 2 ملیار مەتر سێجا گاز بۆ ئازەربایجان لەڕێگەی ئێرانەوە کردووە. 
 
لەڕاستیدا، ئەم هەوڵەی تورکمانستان پەیوەستە بە دوو خاڵەوە، یەکەمیان کێشەی پێنەدانی پارەی هەناردەکردنی گازی سرووشتی تورکمانستان بۆ ئێران، وەک ئەوەی لە هاوینی 2017ـدا روویدا. دووەمیشیان پەیوەستە بە هەوڵی تورکمانستان بۆ هەمەجۆرکردنی رێگەکانی هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ دەرەوە، بەتایبەتیش دوای تێکچوونی رێککەوتنی بازرگانیی گاز لەگەڵ رووسیا لە ساڵی 2009ـدا، هەر بۆیە لە ساڵی 2010ـدا تورکمانستان بۆرییەکی گازی 182 کیلۆمەتری لە کێڵگەی گازی دۆڤلێت ئابادەوە بۆ کێڵگەی گازی خانگیران لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران راکێشاوە، کە توانای هەناردەکردنی 6 ملیار مەتر سێجای لە ساڵێکدا هەبووە و، بەمدواییانەش دوای دانانی پەمپی دیکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردن، تواناکەی دووهێندە بووە. ئەمەش سەرەڕای هەبوونی بۆرییەکی کۆنی گاز بەدرێژایی کەناری قەزوین کە لە کێڵگەی کۆرپێدزی تورکمانستان بۆ کوردکوی ئێران، لە ساڵی 1997 بنیاتنراوە و ساڵانە توانای گواستنەوەی 8 ملیار مەتر سێجا گازی هەیە. 
 
لەڕووی گازی سرووشتییەوە، تورکمانستان لەسەر ئاستی جیهان پلەی چوارەمینی هەیە، کە خاوەنی رێژەی 10% کۆی گازی سرووشتی دۆزراوە یاخود یەدەگە. لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا وەبەرهێنانی گەورەی لە بەرهەمهێنانی گاز و بۆرییەکانی گواستنەوەی گازی سرووشتی بۆ وڵاتان کردووە. 
 
بەشێوەیەکی دیکە، دەتوانین ئەم رێککەوتنە بە لەباربردنی رێککەوتنەکەی تۆتال ئێنێرجی و وەزارەتی نەوتی عێراق دابنێین، کە لە مانگی نۆی ساڵی 2021 واژۆکرا و دواتر لە 11ـی حەوتی 2023ـدا دووبارە واژۆکرایەوە. هەروەها، بەپێی رێککەوتنەکە پرۆژە سەرەکییەکان بریتییە لە بەرهەمهێنانی گاز لە وێست قوڕنە-2، مەجنوون و ئەرتاوی، توبا و لوهەیس لە باشووری عێراق، کە توانای بەرهەمهێنانی گازی رۆژانەیان  300 ملیۆن پێی سێجا گاز بێت.
 
هەموو ئەمەش سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادەکاری بۆ راگەیاندنی گەڕی شەشەمی گرێبەستە گازی و نەوتییەکان لە مانگی یەکی 2024ـدا دەکات، کە نزیکەی 30 بلۆکی نەوتی و گازییە و لە 14 گرێبەست پێکدێت و، بەپێی زانیارییەکان 11 گرێبەستی نوێیان بۆ بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکانە لە عێراق و 8 کێڵگەشیان کەوتوونەتە پارێزگای ئەنبارەوە. 
 
بەڵێنەکەی سوودانی و چارەنووسی پرۆژەکانی گازی سرووشتی و گازی هاوەڵ لە عێراق
 
بەپێی داتاکانی بی پی BP ،لە 2021ـدا عێراق 9.4 ملیار مەتر سێجا گازی بەرهەمهێناوە، بەڵام لە بەرامبەردا 17.1 ملیار مەتر سێجا گازی بەکارهێناوە، واتە لەو ساڵەدا 7.7 ملیار مەتر سێجا گازی هاوردەکردووە. هەروەها، لە ساڵی رابردوودا عێراق 9.8 ملیار مەتر سێجا گازی بەرهەمهێناوە، بەڵام بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی، نزیکەی 9 ملیار مەتر سێجای لە ئێرانەوە هاوردە کردووە. هەربۆیە رۆژی 4ـی ئایار 2023، محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند "ئێمە، رۆژانە پارە دەسووتێنین، رۆژانە 1.2 ملیار پێی سێجا گاز دەسووتێنین! کەچی گاز هاوردە دەکەین و رۆژانە نزیکەی 1 ملیار پێی سێجا گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکەین! کە تێچووەکەی ساڵانە لە 4 ملیار دۆلار کەمتر نییە!" 
 
بەپێی تراکەری هاوبەشی کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵی جیهانی (GGFR) بانکی جیهانی، عێراق بە پلەی دووەم دێت لەدوای رووسیا، کە بەشێوەیەک لە 2022ـدا گەیشتووەتە 17.94 ملیار مەتر سێجا، لەکاتێکدا لە 2012ـدا تەنیا 12.7 ملیار مەتر سێجا بووە، واتە لە دەیەی رابردوودا، 5.24 ملیار مەتر سێجا بەفیڕۆدان و سووتاندنی گازی هاوەڵ زیادیکردووە. 
 
سەرچاوە: بانکی جیهانی، تراکەری GGFR 12-11-2023
 
لەڕوویەکی دیکەوە بەپێی هەمان تراکەری بانکی جیهانی، بیرێکی نەوتی لە کێڵگەی نەوتی ویست قۆڕنە-2 کە لەلایەن لوکئۆیڵ بەڕێوەدەبرێت، لەسەر ئاستی جیهان پلەی یەکەمە لە سووتانی گازی هاوەڵ و ساڵانە بە قەبارەی 1.18 ملیار مەتر سێجا گازی هاوەڵ دەسووتێنێت. هەروەها، بە پلەی دووەم بیرێکی نەوتی لە کێڵگەی سانتا باربارای فەنزوێلا دێت، کە ساڵانە 1.07 ملیار مەتر سێجا گازی هاوەڵ دەسووتینێت. لەکاتێکدا لەو 50 کێڵگە و بیرە نەوتییەی لە جیهاندا زۆرترین گازی هاوەڵ دەسووتێنرێت و بەفیڕۆدەچێت، 13 کێڵگە و بیرە نەوتییان لە عێراقدان. 
ئەگەر بەجیا لە عێراق سەیری هەرێمی کوردستان بکەین، بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە و بیرە نەوتییەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، ئەوا لە کێڵگە و بیرە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان، بڕێکی زۆر کەم گازی هاوەڵ دەسووتێندرێت. 
 
لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی ساڵانە (2022)، زۆرترین گازی بەفیڕۆچوو لە کێڵگەی نەوتی روومەیلەیە کە 2.7 ملیار مەتر سێجایە، بەدوایدا کێڵگەی نەوتی زوبێر کە 2.5 ملیار مەتر سێجایە، و بەپلەی سێیەمیش کێڵگەی نەوتی وێست قۆڕنە-2 دێت کە ساڵانە 1.5 ملیار مەتر سێجای تێدا دەسوتێندرێت. ئەم سیانە پێکەوە ساڵانە 6.7 ملیار مەتر سێجا گاز بەفێڕۆ دەدەن، کە سەروو نیوەی ئەو بڕەیە کە ساڵانە لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت و بڕیارە لە داهاتوودا لە تورکمانستانەوە هاوردە بکرێت. 
 
هەروەها، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەرزترین ئاستی سووتاندنی گازی هاوەڵ لە کێڵگەی نەوتی خۆرمەڵەیە کە ساڵانە دەگاتە 0.655 ملیار مەتر سێجا، نزمترین ئاستیش لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر تۆمارکراوە، کە 0.9 ملیۆن مەتر سێجایە وەکو لە گرافیکی دووەمدا هاتووە.  
 
سەرچاوە: بانکی جیهانی، تراکەری GGFR 12-11-2023
 
کۆتایی
 
ئەگەر لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا رێککەوتنی عێراق و تورکمانستان بۆ گازی سرووشتی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا بەڕوونی چەند خاڵێکی سەرنجڕاکیش لەبارەی پرۆژەکانی وەبەرهێنانی گازی سرووشتی لە عێراق و توانای عێراق بۆ پشتبەستن بە بەرهەمهێنانی گاز و کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ لە کێڵگە نەوتییەکان دەهێنێتە ئاراوە، لەسەروو هەموویانەوە: 
 
- رێککەوتنی تۆتال ئێنرجی و وەزارەتی نەوتی عێراقی، چونکە وا دەردەکەوێت رێککەوتنەکە تەنیا لەسەر کاخەزە، ئەگینا عێراق رێککەوتنی بەرایی و واژۆی پرۆتۆکۆڵی لەگەڵ تورکمانستان بۆ هاوردەکردنی 9 ملیار مەتر سێجا گاز بۆ ماوەی 5 ساڵ نەدەبردە پێشەوە. 
 
- عێراق جارێکی دیکە ناڕاستەوخۆ پەیوەست دەبێتەوە بە ئێران بۆ هاوردەکردنی گاز، راستە ئەمجارە دۆلارەکەی عێراق دەڕواتە گیرفانی تورکمانستان، بەڵام ئێران پێشتریش گازی لە تورکمانستانەوە هاوردەکردووە و کێشەی پێدانی پارەکەی هەبووە.
 
- بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکمانستان، رێککەوتنەکە بۆ ماوەی 5 ساڵە، کەواتە بەڵێنەکەی ئەم کابینەش بۆ کۆتایهێنان بە سووتانی 1.2 ملیار گازی هاوەڵ و بەتایبەتیش بەڵێنەکەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ کۆتایهێنان بە سووتانی پارە، جێبەجێ ناکرێت. 
 
- نازانرێت چارەنووسی خولی شەشەمی گرێبەستە نەوتی و گازییەکان بەکۆی دەگات، لەکاتێکدا زۆربەی کێڵگەی گازییەکان، لە خولی پێنجەمدا بەهۆی هەبوونی مەرجی زۆرەوە سەرنجی وەبەرهێنانی بیانی رانەکێشابوو. هەربۆیەش لە خووڵی شەشەمدا دووبارە دەخرینەڕوو.
 
لەکۆتاییدا، راستە رێککەوتنی بەرایی، لێکتێگەیشتننامەی هاوبەش و پرۆتۆکۆلی مەرجە بازرگانییەکان کراوە، بەڵام پرسیارێک لێرەدا دێتە ئاراوە؛ ئایا رێککەوتنی کۆتایی دەکرێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟ وەزارەتی کارەبا یاخود وەزارەتی نەوت لەگەڵ کۆمپانیای تورکمانستان گاز دەیکات؟ چونکە لەوانەیە وەزارەتی نەوت و وەزارەتی کارەبای عێراق ئاگایان لە هەوڵەکانی یەکتری نەبێت، هەربۆیە وەزارەتی نەوت هەوڵی زیادکردنی بەرهەمی نێوخۆیی گاز و کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ و کڕینی لەنێوخۆ و پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکان دەدات، لە بەرامبەردا وەزارەتی کارەبا هەوڵی زامنکردنی سەرچاوەی گازی بەردەست دەدات بۆ کارەبا!

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هیوا جەمال

خاکژمێری

لەسەر خاکی کوردستان هەر نەتەوەیەک بژیت، هەر خاکی کوردستانە، گرنگە ئەمە تۆخبکرێتەوە کە خاکی کوردستانە، نەوەکو خاکی کورد، چونکە لە کوردستان نەتەوەی دیکەی دەژین، کورد نابێت نکۆڵی لەوە بکات، عەرەب لەسەر خاکەکەی بژین، هەروەک چۆن نکۆڵی لە نەتەوەی تورکمان، ئاشووری، کلدان، سریان و ئەرمەن ناکات.