400 پرۆژەی بێ‌ مۆڵەتی بەخێوكردنی ماسی لە هەرێمی كوردستان هەن

01-11-2019
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن ماسی کوردستان
A+ A-

رووداو- هەولێر 

ژمارەی پرۆژەكانی بەرهەمهێنانی گۆشتی ماسی تا دێت زیاتر دەبن، بەڵام بەرهەمەكانیان لەگەڵ ئەو خواستە زۆرە یەكناگرێتەوە كە لەسەر ماسی هەیە، بۆیە وەزارەتی كشتوكاڵ ساڵانە رێگە بە هاوردەكردنی هەزاران تۆن ماسی دەدات.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، 401 پرۆژەی حەوزی بەخێوكردنی ماسیی مۆڵەتدار (359 حەوزی خۆڵین، 16 حەوزی كۆنكریتی ، 22 حەوزی قەفەس و 4 حەوزی داخراو) لە هەرێمی كوردستان هەن.
 
بەرهەمی ساڵانەی ئەم پرۆژانە دەگاتە 3500 تۆن ماسی ،جگە لەو پرۆژانەش زیاتر لە 400 پرۆژەی بێ مۆڵەت هەن كە تێكڕای بەرهەمیان لەگەڵ بەرهەمی راو لە رووبار و بەنداوەكان دەگاتە نزیكەی 3000 تۆن، بەم شێوەیە تێكڕای بەرهەمی كوردستان دەگاتە 6500 تۆن، ئەم بڕەش لەگەڵ پێداویستیی كوردستان  یەكناگرێتەوە كە ساڵانە خۆی دەدات لە 15 هەزار تۆن، بۆیە وەزارەتی كشتوكاڵ ساڵانە رێگە بە هاوردەكردنی 9 هەزار تۆن ماسی دەدات.
 
سیروان سەعید، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت: "بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بژێوی و تێگەیشتنی خەڵك لە سوودەكانی خواردنی ماسی، ساڵ لە دوای ساڵ خواست لەسەر بەكاربردنی گۆشتی ماسی  زیاد دەكات، بەو هۆیەش پرۆژەكانی بەخێوكردنی ماسی زیادبوون. بۆ نموونە لە دوو ساڵ و شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا  186 پرۆژە دروستكراون".
 
بەپێی بەدواداچوونی وەزارەتی كشتوكاڵ، تێكڕای بەرهەمی پرۆژەكان بۆ هەر تاكێك لە ساڵێكدا توانای دابینكردنی یەك كیلۆگرام گۆشتی ماسییان هەیە، بەڵام  تێكڕای ساڵانەی بەكاربردن لە هەرێمی كورستان گەیشتووەتە 2.54 كلیۆگرام بۆ تاكێك. 
 
بەرپرسەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت: "بەهۆی زۆربوونی خواست، بازرگانان ساڵانە 9 – 10 هەزار تۆن ماسی هاوردە دەكەن". بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی كەرەنتینەی كشتوكاڵ و ڤێترنەری، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 4.362 تۆن ماسی بەفەرمی هاوردەی هەرێمی كوردستان كراوە، زۆرترین ئەو ماسیانەشی هاوردەكراون لە جۆری كارب و سەلەمونن.
 
سیروان سەعید دەڵێت: "سەرچاوەی 80%ی ماسیی هاوردەكراو ئێرانە، كە ئەویش دوو جۆرە: جۆری كارب بە مردوویی دێت، جۆری سەلەمون كە بەرێژەیەكی كەم بە زیندوویی رێگە بەهاوردەكردنی دەدەین بۆ ئەوەی زۆر كاریگەری لەسەر پرۆژەكانی ناوخۆ نەبێ‌".
وەزارەتی كشتوكاڵ لە پلانی پێنج ساڵەی خۆی داینابوو بەرهەمی ماسی بۆ 17 هەزار تۆن لە ساڵێكدا بەرز بكاتەوە، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە، پلانەكە سەرینەگرت.
 
بەپێی رێنمایی ژمارە 10ی ساڵی 2013 بۆ پارێزگاری لە ئاوی ژێر زەوی، وەزارەتی كشتوكاڵ مۆڵەت بەپرۆژەی حەوزی خۆڵین نادات، چونكە سەرچاوەی ئاوەكەیان ئاوی ژێرزەوییە. هەروەها بەپێی رێنماییەكان دەبێت پرۆژەكان 500 مەتر لە شەقامی سەرەكی دوور بن، بەڵام ئێستا زیاتر لە 400 پرۆژە بێ مۆڵەت لە هەرێمی كوردستان دامەزراون. سیروان سەعید دەڵێت: "پرۆژە بێ مۆڵەتەكان دوو جۆرن: هەندێكیان ئەو پرۆژانەن كە بەدەر لە رێنماییەكان دروستكران. هەندێكی دیكەشیان بەگوێرەی رێنمایی دروستكراون، بەڵام خاوەنەكانیان بەهۆی كەمتەرخەمی مۆڵەتیان وەرنەگرتووە".
 
وەرزی پێگەیشتن و فرۆشتنی ماسی لە هەرێمی  كوردستان لە مانگی ئەیلول تا كانوونی یەكەمە، بەڵام لە مانگەكانی دیكەش هەندێ پرۆژە بەرهەمیان هەیە. 
 
ئاری مزەفەر، خاوەنی پرۆژەیەكی حەوزی ماسی لە دەوروبەری هەولێر كە بەرهەمی ساڵانەی پرۆژەكەی دەگاتە زیاتر لە 250 تۆن، دەڵێت: "گرفتی سەرەكیی خاوەن پرۆژەكان زۆریی تێچووی بەرهەمهێنانە كە هەر كیلۆیەك ماسی بەگوێرەی شێوازی بەخێوكردن 2000- 2500 دینار لەسەر خاوەن پرۆژە دەكەوێت، هەندێجاریش بەهۆی نەخۆشی رێژەی مردن زیاد دەبێت و تێچووەكە زیاتر دەبێت. هەر كیلۆیەك ماسی 3000 - 3500 دینار بۆ خاوەن پرۆژە دەكات، بۆیە وەك پێوست قازاج ناكەن".
 
ئەو خاوەن پرۆژەیە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن و هەروەها پاڵپشتیی حكومەتی ئێران بۆ خاوەن پرۆژەكان، بازرگانان بڕێكی زۆر ماسی ئێرانی هاوردە دەكەن و بەو هۆیەوە نرخی ماسی دادەبەزێ، بۆیە ئاری داوا لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەكات سنوورێك بۆ هاوردەكردنی ماسیی ئێرانی دابنێ‌.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەی كشتوكاڵ، لە كۆی 400 پرۆژەی مۆڵەتدراو لە هەرێمی كوردستان، تەنیا 96 پرۆژەیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین، بەڵام لەبەر ئەوەی پرۆژەكانی سلێمانی زیاتر پرۆژەی حەوزی قەفەس و كۆنكریتین، بەقەد هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بەرهەمیان هەیە.
 
توانا ئیسماعیل، لێپرسراوی هۆبەی سامانی ماسی لە سلێمانی دەڵێت: "بەپێی بەدواداچوونمان ساڵانە سلێمانی پێویستی بە 5.784 تۆن ماسی هەیە، كۆی بەرهەمی پرۆژەكانیشمان لەگەڵ بەرهەمی هەردوو بەنداوی دووكان و دەربەندیخان دەگاتە 3100 تۆن، واتە بەرهەمی خۆماڵیمان لە بەرهەمی هاوردە زیاترە".
 
توانا ئیسماعیل گوتیشی: "لەكۆی 96 پرۆژەی مۆڵەتدراو لە سلێمانی تەنیا 53% پرۆژەیان لەكاردان و زۆربەی پرۆژەكانیش حەوزەكانیان فراوان كردووە، ساڵانە نزیكەی 1600 تۆن ماسی دەخەنە بازاڕ، ئەم بڕەش زیاترە لە وزەی ئەو 96 پرۆژەیەی كە پێشتر مۆڵەتمان پێدابوون".
 
لێپرسراوی هۆبەی سامانی ماسی لە سلێمانی دەڵێت گەورەترین گرفتی خاوەن پرۆژەكانی ماسی، بەرزیی نرخی ئالیكی ماسییە، چونكە 70%ی تێچووی بەرهەمهێنانی ماسی بۆ كڕینی ئالیك دەڕوات. توانا دەڵێت: "هەر كاتێك ئالیكمان بە نرخێكی گونجاو دەستكەوت، دەتوانین بگەینە ئاستی خۆژیاندن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە