وەزارەتی کشتوکاڵ: گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی لە دهۆک دروستدەکرێت

20-06-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن ماسی مارماسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، "گەورەترین" پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی لە پارێزگای دهۆک دادەمەزرێت، کە بە تەواوبوونی پرۆژەکە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاوردەکردنی ماسی نابێت.
 
رۆژی سێشەممە 20-06-2023 سیروان سەعید محەممەد، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو پڕۆژەیە دەبێتە گەورەترین پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کورستان، لە ئێرانیش پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ماسی لەوشێوەیە نییە، لەکاتێکدا ئێران سەرچاوەی ماسییە".
 
بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە هەرێمی کوردستان حەوت بۆ هەشت هەزار تۆنە، بەڵام خواستی ساڵانە دەگاتە 12 هەزار تۆن.
 
بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت "هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆ، ماسی بەتایبەتی لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، بەڵام بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیەی پارێزگای دهۆک، چیدی پێویستمان بە هاوردەکردنی ماسی نابێت و پڕۆژەکە دەتوانێت پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە".
 
شوکری عومەر، کە بەڕێوەبەری پڕۆژەکەیە رایگەیاندووە، سەرمایەی پڕۆژەکە 10 ملیۆن دۆلارە و 500 هەلی کار بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنێت.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵ، پڕۆژەکە لە ساڵێکدا توانای بەرهەمهێنانی 30 هەزار تۆن ماسی هەیە. 
 
لەبارەی وادەی تەواوبوونی پڕۆژەکە، سیروان سەعید محەممەد گوتی "ناتوانم بڵێم کەی تەواو دەبێت، چونکە کەرتی تایبەت جێبەجێی دەکات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە