رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی لە بینەران، بیسەران و خوێنەرانی دەکات و دەڵێت، وەک یەکەمین دەزگای میدیایی کوردستان، ساڵی تازە نووسینگە لە شاری پەکینی پایتەختی وڵاتی چین دەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 31-12-2022، بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە، تۆڕی میدیایی رووداو راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ساڵی 2022 تۆڕی میدیایی رووداو توانی یەکەمی بێ رکابەریی خۆی تۆماربکاتەوە و سەرچاوەی هەواڵ بوو بۆ میدیای جیهان لەسەر زۆر لە رووداوەکانی ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ساڵی تازەدا تۆڕی میدیایی رووداو، بەرنامە و کارە مەیدانییەکانی زیاتر دەکات، داهێنانی تازەتر لە رووماڵەکانی دا دەکات لە کوردستان. لە هەمان کاتدا زیاتر دەچێتە نێو رووداو و پرسەکانی ناوچەکە و جیهانەوە. دەشڵێت، وەک یەکەمین دەزگای میدیایی کوردستان نووسینگە لە شاری پەکینی پایتەختی وڵاتی چین دەکاتەوە.
دەقی راگەیێندراوەکەی تۆڕی میدیایی رووداو:
رووداو لە ساڵی تازەدا لە چین دەبێت
بەبۆنەی ساڵی تازەی زایینییەوە پیرۆزبایی لە هەموو بینەران، بیسەران و خوێنەرانی رووداو دەکەین. ساڵی رابردوو ساڵێکی سەخت بوو بۆ کارکردنی تۆڕی میدیایی رووداو، بەڵام بە لێزانی و پشوودرێژیی هەموو هاوکارانی رووداو، لە ساڵی 2022 دا رووداو یەکەمی بێ رکابەریی خۆی تۆمارکردەوە و سەرچاوەی هەواڵ بوو بۆ میدیای جیهان لەسەر زۆر لە رووداوەکانی ناوچەکە، هەروەها رووداو توانی هاوبەشییەکانی فراوانتر بکات لەگەڵ دەزگا گەورە میدیاییەکانی جیهان دا.
لە ساڵی تازەدا تۆڕی میدیایی رووداو، بەرنامە و کارە مەیدانییەکانی زیاتر دەکات، داهێنانی تازەتر لە رووماڵەکانی دا دەکات لە کوردستان. لە هەمان کاتدا زیاتر دەچێتە نێو رووداو و پرسەکانی ناوچەکە و جیهانەوە.
لە ساڵی 2023 دا تۆڕی میدیایی رووداو، وەک یەکەمین دەزگای میدیایی کوردستان نووسینگە لە شاری پەکینی پایتەختی وڵاتی چین دەکاتەوە. ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورەیە بۆ میدیای کوردی و کردنەوەی پەنجەرەیەکی دیکەیە بۆ بینەرانی کوردستان و ناوچەکە.
تۆڕی میدیایی رووداو
31-12-2022
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ