لە هیندستان 24 کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستدا

31-05-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی هیندستان دەڵێن، بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە لە هەرێمەکانی بیهار و ئۆدیشا "لانیکەم 24 کەس گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسیش تەندروستییان تێکچووە." دادگەیەکیش داوا لە حکومەت دەکات باری لەناکاو رابگەیێنێت.
 
رۆژی هەینی 31-05-2024 بەرپرسانی هیندستان رایانگەیاند، "بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە لانیکەم 14 کەس لە هەرێمی بیهار لە باکووری رۆژهەڵاتی هیندستان گیانیان لەدەستداوە؛ 10 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە کارمەندی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنن."
 
هاوکات نەخۆشخانەیەکی هەرێمی ئۆدیشا لە رۆژهەڵاتی هیندستان گیانلەدەستدانی 10 کەسی بەهۆی گەرماوە پشتڕاست کردەوە.
 
چەند نەخۆشخانەیەکی باکوور و نێوەڕاستی هیندستانیش ئاماژەیان بەوە داوە، خەڵکێکی زۆر بەهۆی گەرماوە دۆخی تەندروستییان تێکچووە و سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە.
 
حکومەتی ئۆدیشا داوای لە هاووڵاتییان کرد، ئەم رۆژانە لەنێوان کاژێر 11:00 بۆ 3:00ی پاشنیوەڕۆ نەچنە دەرەوە.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هیندستان، پلەی گەرما لە بەشێکی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە 4.5 بۆ 6.4 پلە لە پلەی ئاسایی خۆی بەرزترە.
 
هیندستان بە هاوینێکی زۆر گەرم تێدەپەڕێت. دوێنێ پێنجشەممە بەرپرسانی کەشناسی لە نیودەلهیی پایتەختی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، "بەرزترین پلەی گەرمای هیندستانمان تۆمار کردووە کە 52.9 پلەی سیلیزییە."
 
دادگەی باڵای هەرێمی راجستان لە رۆژئاوای هیندستان داوا دەکات حکومەت باری لەناکاو رابگەیێنێت و دەڵێت، "هیچ پلانێکی جێگرەوەمان نییە. حکومەت نەیتوانیوە هەنگاوی گونجاو بۆ پاراستنی خەڵک لە گەرما بنێت."
 
ناوەندی نیشتمانیی هیندستان بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکان دەڵێت، "دۆخەکە هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتییان دەکات و ئەگەری مردن بە گەرما 40% بۆ 46%ـە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە