جیهان
ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل لافاو بردوونی و بەسەریەکەوە کەوتوون لە شاری سێداڤیی باشووری ڤالێنسیا، وێنە: Jose Jordan / AFP
رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە بارانی بەلێزمە و لافاو شارێکی ئیسپانیای گرتووەتەوە، بەهۆیەوە 95 کەس گیانیان لەدەستداوە. سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بەڵێنیداوە ژێرخانە زیانبەرکەوتووەکان چاک بکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە 30-10-2024 بەرپرسانی شاری ڤالێنسیا لە رۆژهەڵاتی ئیسپانیا رایانگەیاند، بەهۆی بارانی بەلێزمە و لافاوی بەهێزەوە؛ چەندین باڵاخانە و پرد رووخاون و 95 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی ئەو شارەی ئیسپانیا، ڤالێنسیا 30 ساڵە باران و لافاوی لەمجۆرەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
بەگوتەی چەند کەشناسێک، دوێنێ (سێشەممە) بڕی بارانی یەک ساڵ لە هەشت کاژێردا باری و چەندین رێگەی سەرەکی و خێرای پەکخست.
باران و لافاوەکە بووە هۆی تێکدان و لەنێوبردنی چەندین زەویی کێڵدراو و کشتوکاڵی. لەکاتێکدا ڤالێنسیا دوو لەسەر سێی تەواوی میوەی ئیسپانیا بەرهەمدەهێنێت.
دانیشتووانی چەند گەڕەکێک کە لافاوی بەهێز لێیداون، باس لەوە دەکەن چەندین کەسیان بینیوە سەرکەوتبوونە سەر ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ ئەوەی خۆیان لە لافاوەکە بپارێزن.
دێنیس هلاڤاتی، دانیشتوویەکی ڤالێنسیایە و دەڵێ "تەوژمێکی گەورەی ئاو هاتە کۆڵانەکەمان، وەکو رووبار وابوو. لافاوەکە چەندین دەرگەی شکاند و چەند دارێکی لە رەگەوە هەڵکێشا. دوێنێ شەو نزیکەی دوو مەتر ئاو بەرز ببووەوە."
پیدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا بەڵێنیدا کار لەسەر چاککردنەوەی ئەو ژێرخانانە بکەن کە زیانیان بەرکەوتووە. لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا سانچێز گوتی "بۆ ئەو کەسانەی خۆشەویستێکیان لەدەستداوە، هەموو ئیسپانیا لەگەڵتان شیوەن دەگێڕێت."
چەند ڤیدیۆیەک کە هێلیکۆپتەری تیمە فریاگوزارییەکان بڵاویانکردەوە، دەریدەخەن لافاو چەندین پردی رووخاندووە و چەندین ئۆتۆمبێلیشی بەیەکدا کێشاوە.
گەشتەکانی شەمەندەفەر لە ڤالێنسیا بۆ مەدرید و بارسێلۆنا هەڵوەشێندرانەوە، حکومەتیش لەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، دەوامی قوتابخانەکانی راگرت.
کۆمپانیای (پاوەر) کە دابینکاری کارەبایە رایگەیاند، نزیکەی 150 هەزار کەس لە ڤالێنسیا بێکارەبا مانەوە.
لە هەندێک شارۆچکەی ڤالێنسیا وەکو توریس، شیڤا و بینۆل نزیکەی 400 ملیمەتر باران باری و ئاژانسی کەشناسیی وڵاتەکە باری لەناکاوی راگەیاند.
جگە لە ڤالێنسیا، لە چەند ناوچەیەکی دیکەش لەوانەش لە هەرێمی ئەندەلووس لافاو دروستبوو، کەشناسان دەڵێن تەوژمی باران و لافاوەکە بەرەو باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەڕوات.
ئاژانسی کەشناسیی هەرێمی کەتەلۆنیا باری لەناکاوی لە چەند ناوچەیەکی دەورووبەری بارسێلۆنا راگەیاند و گوتی: تەزرە و بای بەهێز بەڕێوەیە.
ئەنتۆنیۆ کارمۆبنا، دانیشتوویەکی شارۆچکەی ئەلۆرایە لە نزیک شاری مەلەگا و گوتی "لافاو چەندین سەگ و ئەسپی لەگەڵ خۆی بردووە."
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە ئێکس نووسی "ئامادەین یارمەتیی ئیسپانیا بدەین، ئەو لافاوەی دەیبینین، وێرانکەرە."
بڕیارە رۆژی 02-11-2024 یاریی نێوان هەردوو یانەی ڤالێنسیا و ریال مەدرید، لە میانی گەڕی 12ـی خولی ئیسپانی (لالیگا)دا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەرپرسانی وەرزشیی یانەی ڤالێنسیا، بەهۆی ئەوەی یارییەکە لە یانەی ئەواندا دەکرێت، داوایان کردووە یارییەکە دوابخرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ