رووداو دیجیتاڵ
لە شاری زیگنی هەرێمی نۆردراین فێستفاڵیای ئەڵمانیا، ژنێکی تەمەن 32 ساڵ بە چەقۆ پەلاماری سەرنشینەکانی پاسێکی دا و پێنج کەسی بریندارکرد.
پۆلیس بە میدیای ئەڵمانیای گوتووە، سێ لە بریندارەکان برینیان سەختە.
بە گوتەی پۆلیس، لەو کاتەی هێرشەکە روویداوە، پاسەکە بەرەو فێستیڤاڵیکی شاری زیگن رۆیشتووە و لانیکەم 40 سەرنشینی تێدابووە.
پۆلیس دەڵێت، هەڵسەنگاندنی سەرەتاییان دەریدەخات هێرشەکە تیرۆرستی نییە. میدیای ئەڵمانیا دەڵێت، هێرشکارەکە ئەڵمانییە و گومانی لێ دەکرێت "نەخۆشیی دەروونی هەبێت و لە ژێر کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکاندا بێت."
ژنەکە دەستگیرکراوە و پۆلیس ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ مەترسییەکی دیکە لە شوێنی رووداوەکە نەماوە.
دامودەزگە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و بریندارەکان گوێزراونەتەوە نەخۆشخانە.
ئەم هێرشە تەنیا یەک هەفتە دوای هێرشەکەی شاری زۆلینگنی هەمان هەرێمی ئەڵمانیا دێت کە تێیدا کەسێک بە چەقۆ 3 کەسی کوشت و 8ی دیکەشی بریندارکرد؛ پۆلیس رایگەیاند، کۆچبەرێکی سووریایی دانی بە تاوانەکەدا داناوە.
هەروەها لە 31ـی ئایاری ئەمساڵ لە شاری مانهایم پۆلیسێک لە لایەن پەنابەرێکی ئەفغانستانییەوە کوژرا و هێرشکارە تەقەی لێکرا و بە برینداری دەستگیرکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ