لە مۆنتێنێگرۆ کەسێک لەنێو رێستۆرانتێک دا 7 کەسی بە گوللـە کوشت

01-01-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە رێستۆرانتی گوندێکی باشووری مۆنتینێگرۆ لە ئەورووپا، لە نزیک شارۆچکەی شێتینگێ کەسێک تەقەی کرد، لە ئەنجامدا 7 کەسی کوشت کە دووانیان منداڵن.
 
رۆژی چوارشەممە 01-01-2025 پۆلیسی مۆنتێنێگرۆ رایگەیاند "لە رێستۆرانتێکی گوندی باگیشێ، کەسێک بە دەمانچە تەقەی کرد و چەند کەسێکی کوشت، هێرشکارەکە بە چەکەوە رایکردووە."
 
پۆلیس، چەند یەکەیەکی تایبەتی بۆ ناوچەکە ناردووە و داوای لە دانیشتووانەکەی کردووە نەیەنەدەرەوە، هەتاوەکو ئێستاش ژمارەی تەواوی کوژراو و بریندارەکانی ئەو رووداوەی رانەگەیاندووە. 
 
لەبارەی تەقەکەرەکەوە، پۆلیسی مۆنتێنێگرۆ رایگەیاند پیاوەکە تەمەنی 45 ساڵە. تەقەکردنەکەش لەکاتێکدا بووە کە "شەڕ لەنێوان چەند گرووپێکی تاوانکاردا دروستبووە."
 
میدیای مۆنتێنێگرۆ رایگەیاند، تەقەکردنەکە لە ئەنجامی شەڕێک روویداوە؛ بەهۆیەوە "حەوت کەس کوژراون، کە دووانیان منداڵن. تەقەکەرەکە ناوی ئاکۆ مارتینۆڤیچە و پێشتریش بەهۆی تووندوتیژی و بەکارهێنانی چەک، چەند جارێک دەستگیرکراوە."
 
لە راپۆرتێکی دیکەی میدیای ئەو وڵاتە دا هاتووە "ئاکۆ چووەتە ماڵەوە، چەکی هێناوە، لە نێو باڕێکدا تەقەی لە چەند کەسێک کردووە، بەشێکیانی کوشتووە و هەندێکیشی بریندارکردوون. دواتر چووەتە شوێنێکی دیکە و منداڵەکانی خاوەن باڕەکە و ژنێکی کوشتووە."
 
باگیشێ گوندێکە دەکەوێتە نێو شارۆچکەی شێتینگێ، شارۆچکەکە 30 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای پۆدگۆریکای پایتەخت دوورە. 
 
مۆنتێنێگرۆ وڵاتێکی بچووکە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەورووپا لە نیمچەدوورگەی بەڵکان. 623 هەزار و 800 کەس لە وڵاتەکە دا دەژین، کە رووبەرەکەی 13 هەزار و 812 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. 
 
رووداوەکە لەکاتێکدایە؛ هێرشی چەکداری و تەقەکردن لە وڵاتەکە دەگمەنە. 
 
لە ساڵی 2022، پیاوێک تەقەی لە کۆمەڵێک کەس کرد و لە ئەنجامدا 11 کەس کوژران کە دووانیان منداڵ بوون. شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە