رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت، 28 کۆچبەریان دیپۆرتی ئەفغانستان کردووەتەوە کە پێشتر تاوانیان بەسەردا ساخبووەتەوە.
ئەوە یەکەم جارە لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات لە ئابی 2021، ئەڵمانیا کۆچبەران دیپۆرتی ئەفغانستان بکاتەوە.
ئۆڵاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا رۆژی هەینی لە شاری لایپزیک گوتی، "ئەوە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوانەی تاوان دەکەن بۆ ئەوەی بزانن کە ناتوانن بڵێن ئێمە دیپۆرتیان ناکەینەوە."
هاوکات نانسی فیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە بەرلین گوتی، دیپۆرتکردنەوەی ئەو ئەفغانستانیانە "بۆ هێشتنەوەی متمانە پێویست بوو."
شتێفن هێبسترەیت، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیاش گوتی، ماوەی چەند مانگێکە کار لەسەر دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانە دەکەن.
بەرلین پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ حکومەتی تاڵیباندا نییە، بۆیە حکومەت ناچار بووە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە کاری لەگەڵ بکات.
فیزەر گوتی، "ئەڵمانیا هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ئەفغانستان یان تاڵیبانەوە نەکردووە."
هیچ یەک لەو بەرپرسە ئەڵمانیانە روونیان نەکردەوە تاوانی ئەو کۆچبەرانە چی بووە، بەڵام میدیای ئەڵمانیا لە زاری هەندێ بەرپرسی ئەمنییەوە ئاماژەی بەوە کردووە، بەشێک لە تاوانەکانیان بریتین لە دەستدرێژیی سێکسی، سووتاندن و کوشتن.
دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانە لە کاتێکدایە، جەماوەری پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیای دژە کۆچبەر زیادیکردووە.
ئەو پارتە لە هەڵبژاردنی نێوخۆ و هەڵبژاردنی یەکێتیی ئەورووپاشدا دەنگەکانی بە شێوەی بەرچاو زیادکردووە.
ئەم ساڵ دوو هێرشی خوێناوی لە ئەڵمانیا روویاندا کە بە چەقۆ لە لایەن کۆچبەرانەوە کران. دوایینیان 23ی ئاب بوو کە تێیدا 3 کەس لە شاری زۆلینگن کوژران و 8ی دیکەش برینداربوون؛ پۆلیس رایگەیاند، کۆچبەرێکی سووریایی دانی بە تاوانەکەدا داناوە.
دوای هێرشەکەی یەکەمیش کە 31ـی ئایار لە مانهایم روویدا و پۆلیسێک لە لایەن پەنابەرێکی ئەفغانستانییەوە کوژرا، شۆڵتز رایگەیاند، هەوڵ دەدەن ئەو پەنابەرانەی سەرپێچی دەکەن، دیپۆرت بکەنەوە.
دیپۆرتکردنی ئەو کۆچبەرانە لە کاتێکدایە کە ئەیلوولی ساڵی داهاتوو ئەڵمانیا پەرلەمانێکی نوێ هەڵدەبژێرێت.
رۆژی هەینی، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) سەرکۆنەی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کرد و گوتی، ئەڵمانیا خۆی لەبەردەم گوشارە سیاسییەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردندا چەماندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ