رووداو دیجیتاڵ
گەورەبوونی تەمەن شتێکە کاریگەری لەگەڵ خۆی دەهێنێت؛ سەرقاڵی ژیانی خۆتی و لە بەهاری گەنجێتیدایت، بەڵام رۆژێک هەست دەکەیت ئیدی گەورەبوویت؛ سەیری ئاوێنە دەکەیت و لەبەر خۆتەوە دەڵێیت، "ئەوە منم! ئەو چرچ و لۆچییە لەکوێوە هات؟ ئەم پێستە شۆڕە چییە بە دەست و باسکمەوە؟ بۆچی پیربووم؟".
لە نێوەڕاستی چلەکانی تەمەنتدا دەست بە بینینی نیشانەکانی پیربوونت دەکەیت و وا هەست دەکەیت تازە بن و دوێنێ شەو لە کاتی خەوتنتدا دروستبووبن؛ پاشان هەوڵدەدەیت بڕوا بەوە بهێنی کە رەنگە ئەمانە لەمێژ و هێدی هێدی دەستیان بە دەرکەوتن کردبێت و تاوەکو ئێستا تێبینیت نەکردبن، بۆیە ئێستا وا هەست دەکەیت لە پڕێکدا پیربوویت.
لێکۆڵینەوەیەکی نوێ دەڵێت، رەنگە شتەکە بەو شێوەیە بێت؛ رەنگە پیری بە شێوەیەکی کتوپڕ وەک میوانێکی رەزاگران بێتە بەردەمت.
لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی ستانفۆردی ئەمریکی کە بەدواداچوونی بۆ ژیانی 108 کەسی تەمەن 25 ساڵ تاوەکو 75 ساڵ کردووە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە خەڵک لە دوو تەمەندا، بە دیاریکراوی لە دەوروبەری 44 ساڵی و دەوروبەری 60 ساڵی، تووشی دوو بازدانی گەورەی پیربوون دەبن. ئەم ئەنجامە پێمان دەڵێت، دەکرێت پیربوون کتوپڕ بێت و قۆناخ بە قۆناخ نەبێت.
د. مایکڵ شنایدەر، بۆماوەزان و بەڕێوەبەری سەنتەری بۆماوەزانی لە زانکۆی ستانفۆرد کە لێکۆڵینڤانی سەرەکیی توێژینەوە زانستییەکەیە دەڵێت، "بەو شێوەیە نییە کە ئێمە بە تێپەڕبوونی کات بە ئەسپایی پیربین. هەندێ گۆڕانکاری زۆر کتوپڕ و گەورە هەن. دەرکەوتووە کە نێوەڕاستی چلەکانی تەمەن کاتی گۆڕانێکی گەورەیە، هەر وەک سەرەتای شەستەکانی تەمەن. ئەمە بۆ هەموو کەسێک وەک یەکە؛ گرنگ نییە خانەکانیان چۆن بن".
زانایان سەرەتا پێیانوابوو ئەو نیشانە دیار و زەقانەی پیربوون کە لە نێوەڕاستی چلەکانی تەمەندا لە ژنان دەردەکەون، زۆربەیان بەهۆی گۆڕانی هۆرمۆنی پەیوەندیدار بە وەستانی سووڕی مانگانە یان وەستانی پێشوەختی سووڕی مانگانەوەیە، بەڵام ئێستا کە زانایان داتای ژنان و پیاوانیان بە جیا شیکارکردووە، بۆیان دەرکەوتووە پیاوانیش لە نێوەڕاستی چلەکانی تەمەنیاندا رووبەڕووی گۆڕانی هاوشێوە لە سەر و سیمایاندا دەبنەوە. ئەوەش دەریدەخات کە جگە لە وەستانی سووڕی مانگانە، هەندی هۆکاری دیکەش رۆڵیان لە پیربوونی ژنان؛ هەروەها پیربوونی پیاوانیشدا هەیە لەو قۆناخەی تەمەنیان.
شیاوتاو شێن، زانایەکی دیکەی بەشداربووی لێکۆڵینەوەکەیە و دەڵێت: "پێویستە دۆزینەوە و لێکۆڵینەوە لەو هۆکارانە کارێکی لەپێشینەی داهاتوومان بێت".
108 بەشداربووەکەی لێکۆڵینەوەکە، هەر چەند مانگ جارێک نموونەی خوێنیان بە لێکۆڵینڤانان داوە. زانایان چاودێریی گۆڕانکاریی 135 هەزار خانەیان کردووە بۆ ئەوەی بزانن پیربوون چۆن روودەدات.
لێکۆڵینەوەکە تیشک دەخاتە سەر ژمارەیەک گۆڕانکاری کە لە تەمەنی دیاریکراودا بەسەر نەخۆشی و گرفتە تەندروستییەکاندا دێن.
زانایان بۆیان دەرکەوتووە، گۆڕانکاری بەرچاو لەو خانانەی لەشی ئەو کەسانەدا روودەدات کە لە نێوەڕاستی چلەکانی تەمەنیاندان. ئەو گۆڕانکارییانە پەیوەندییان بە بەکاربردنی کحوول، کافایین و چەوری؛ نەخۆشییەکانی دڵ و پێست و ماسوولکەکانەوە هەیە.
لەوانەی لە شەستەکانی تەمەندان، ئەو گۆڕانکاریانەی روودەدەن پەیوەندییان بە بەکاربردنی کاربۆهایدرات و کافایین، بەرگریی لەش، چالاکیی گورچیلەکان، نەخۆشی دڵ، پێست و ماسوولکەکانەوە هەیە.
زانایان ئاماژە بەوە دەکەن کە شێوازی ژیانیش رۆڵی لە بەشێک لەو گۆڕانکاریانەدا هەیە. بۆ نموونە، ئەوانەی لە چلەکانی تەمەنیاندا زۆر کحول دەخۆنەوە، دەکرێت کتوپڕ پیربوونیان لێ دەربکەوێت، بەتایبەتی ئەگەر گوشاریان لەسەر بێت. بۆیە زانایان بە باشی دەزانن ئەوانەی لە چلەکان و شەستەکانی تەمەنیاندان شێوازی ژیانیان بگۆڕن، وەرزشی زیاتر بکەن و کحول کەمکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ