رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسای خۆنەچەمێن، کە پارتێکی چەپی توندئاژۆی فەرەنسایە، دەڵێت بۆ رێگریکردن لە سەرکەوتنی راستڕۆ توندڕۆکان، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانیدا، لە هەموو ئەو بازنانەی کە تێیدا سێیەم بووە، بەربژێرەکانی دەکشێنێتەوە بۆ ئەوەی دەنگەکانی دژی راستڕۆ توندڕۆکان پەرت نەبن.
ژۆن لوک مێلونشۆ، رۆژی یەکشەممە گوتی، هاوپەیمانییە میانڕۆکەی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆککۆمار، شکستێکی "گەورە و روون"ی هێناوە. داواشی لە خەڵک کرد، لە دژی راستڕۆیە توندڕۆکان دەنگبدەن.
مێلونشۆ گوتی: "رێنماییەکانمان سادە و روون و رەوانن. نابێت یەک دەنگی دیکە، یەک کورسی دیکە بۆ بەرەی نیشتمانی بڕوات."
ئەندامانی پەرلەمان چۆن هەڵدەبژێردرێن؟
سیستمی فەرەنسا ئاڵۆزە و بەسەر چەندین بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکراوە. بۆ ئەوەی بەربژێرێک بچێتە پەرلەمان، پێویستە سەرووی 50٪ی دەنگی بازنەکەی خۆی بەدەستبێنێت.
ئەگەر کەس نەیتوانی ئەو رێژەیە بەدەستبهێنێت، ئەوا دوو بەربژێری خاوەن زۆرترین دەنگ و هەموو ئەوانەشی کە سەرووی 12.5٪ی دەنگیان بەدەستهێناوە، دەچنە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن.
هەندێ جار، سێ یان چوار کەس دەچنە گەڕی دووەم، بەڵام هەندێ جاریش هەندێکیان دەستبەرداری کێبڕکێکە دەبن بۆ ئەوەی بوار بە دەرچوونی بەربژێرێکی دیکە بدەن کە بیرکردنەوەی لە خۆیان نزیکە. لە رابردوودا، ئەم تەکتیکە بۆ رێگریکردن لە دەرچوونی راستڕۆ تووندڕۆکان بەکاردەهێندرا.
سەرکردەی پارتە سەرەکییەکان لەنێوان هەردوو گەڕی هەڵبژاردنەکەدا ستراتیج و سیاسەتی خۆیان بۆ خەڵکی فەرەنسا دەخەنەڕوو. ئەمەش وا دەکات نەتوانرێت پێشوەخت بزانرێت ئەنجامی گەڕی دووەم بە چ ئاراستەیەک دەکەوێت، لەبەر ئەوەی گوتار و دەستپێشخەری و پێشنیازە سیاسییەکان، کاریگەریی بەرچاویان لەسەر شێوازی بیرکردنەوەی دەنگدەران دەبێت.
پارتی راستڕۆی تووندڕۆی بەرەی نیشتمانی کە بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان 34٪ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، چاوی لەوەیە زۆرینەی 577 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستبێنێت و تا پێنج ساڵی دیکە جڵەوی حکومەت بگرێتەدەست.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ