جیهان
دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ تیمە یاساییەکەی لەکاتی چوونی بۆ دادگەی تاوانەکانی مانهاتن لە مانگی ئایاری 2024، وێنە: Jabin Botsford/ Reuters
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی سوێندخۆران دادگەی مانهاتن لە نیویۆرک لە حەوت پیاو و پێنج ژن پێکهاتووە، بە پرۆسەیەکی ورد و چڕ لەلایەن چەند داواکارێکی گشتی و پارێزەرەکەوە هەڵبژێردران. دوای نزیکەی مانگێک لە مشتومڕ، گەواهیدان، گوێگرتن، بەرهەڵستی و گەنگەشە؛ دادگاییەکە لە رۆژی 28ـی ئایار کۆتایی پێهات و چووە قۆناخی بڕیاردان.
ترەمپی 77 ساڵ، 34 دۆسیەی دیکەی لەسەرە، دەستەی سوێندخۆران دەبێت بەیەکەوە و بەیەک دەنگ بڕیار بدەن لەبارەی 'ئایا ترەمپ تاوانبارە یان نا؟' ئەگەر تەنانەت یەک سوێندخۆر رایەکی جیاوازی هەبوو و گوتی 'نا'، دادگاییەکە سڕ دەبێت، بەڵام داواکارانی گشتی، هێشتا دەتوانن داوای خولێکی دیکەی دادگاییکردن بکەن.
بە مەبەستی سەلامەتییان، ناسنامەی هەر 12 سوێندخۆرەکەی نیویۆرک بە نهێنێ پارێزراوە. ترەمپ بەوە تۆمەتبارە چەند تۆمارێکی بازرگانیی ساختەکردووە بۆ ئەوەی 130 هەزار دۆلار بداتە ستۆرمی دانیەڵز، ئەکتەری فیلمە رووتەکان. دانیەڵز دەڵێت، ئەو لەگەڵ ترەمپ لە ساڵی 2006 پەیوەندیی سێکسییان هەبووە، ترەمپ لە 2016 پارەی داوەتێ بۆ ئەوەی بێدەنگ بێت و کاریگەریی لەسەر هەڵمەتی سەرۆکایەتیی ترەمپ نەبێت.
خوان مێرچن، دادوەرە و سەرپەرشتیی دادگەییکردنەکە و دەستەی سوێندخۆران دەکات. ترەمپ ئەوی پێ کەسێکی "سەرلێشێواو"ـە.
مەرج نییە سوێنخۆرەکان دادوەر یان پارێزەر بن، لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی دادگاییکردنە، سەرەڕای ئەوەی بە تووندی و نهێنی ناسنامەیان پارێزراوە، هێشتا چەند زانیارییەک لەبارەی بەشێک لەو 12 کەسە خزاوەتە دەرەوەی دادگەکە.
یەکێک لە سوێندخۆرەکان لە بەشی فرۆشتن کاردەکات و پێشتر کارگوزاری رێستۆرانت بووە. خێزاندارە و منداڵی نییە. ئەو دەڵێت لە چەند میدیایەکی دیاریکراوی ئەمریکی هەواڵ وەردەگرێت.
دوو سوێندخۆری دیکە، هەردووکیان پیاون و پارێزەرن. یەکێکیان پارێزەری کۆمپانیایە و ئەوی دیکە پارێزەری سڤیلە، دەڵێت "زۆر لە یاسای تاوانکاری نازانم."
یەکێکی دیکە لە بانک کار دەکات، لەبارەی ترەمپەوە لێیان پرسی و گوتی: "ئەو کەسێکی خاوەن هەست و بیرۆکەی دژیەکە."
ئەندامێکی دیکەی دەستەکە خەڵکی کالیفۆرنیایە و ئەندازیارە، هاوژینەکەشی مامۆستایە. سێ منداڵی هەیە. لێیان پرسی هەست بە نیگەرانی دەکات ئەگەر ترەمپ بە بڕیاری ئەوان تاوانبار دەرچێت، گوتی "نا."
سوێندخۆرێکی دیکەی ژن، مامۆستایە و یەکێکی دیکەش چارەسەرکاری سرووشتییە. مامۆستاکە دەڵێت، ئەو حەزی لە سیاسەت نییە بەڵام پێیخۆشە کە "ترەمپ، ئەوەی بێتە مێشکی دەیڵێت." چارەکارەکەش دەڵێت، زۆر لە جیهانی یاسا نازانێت، بەڵام کێشەی نابێت ئەگەر رێنماییەکانی دادوەر پەیڕەو بکات.
ژنێکی دیکەی ئەو دەستەیە ئەندازیاری سۆفتوێرە و بە خوان مێرچنی گوتووە، خوشکەکەی ژیانی هاوژینی پێکدەهێنێت، "ئەگەر مانگی 9 بێینەوە ئێرە، کێشەیەکی گەورەیە." خوان مێرچنیش بەوە زۆر پێکەنیوە.
ئەندامێکی دادگەکە بەتەمەنە و خانەنشینە، ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و دوو منداڵی هەیە. سوێندخۆرێک لە دەستەکە لە بواری بازرگانیی ئەلیکترۆنی کاردەکات و دەڵێت "زۆر سەیری هەواڵەکان ناکەم، بەڵام گوێ لە پۆدکاستی بواری دەروونزانی دەگرم. ئەوە خولیای منە."
ژنێک لە دەستەکە لەگەڵ ترەمپ رەق بووە و پێی گوتووە، "خۆپەرستی، حەز دەکەیت خزمەت بکرێیت."
دوایین ئەندامی دەستەکەش ژنێکە و چارەکاری فیزیاییە. ئەو دەڵێت هەواڵ دەخوێنێتەوە و گوێ لە پۆدکاستی وەرزشی دەگرێت.
کەمتر لە شەش مانگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ماوە، شانبەشانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا؛ دۆناڵد ترەمپ تاکە بەربژێری پارتی کۆمارییەکانە و دەیەوێت بۆ خولێکی دیکە بچێتەوە کۆشکی سپی، بەڵام تەگەرەکان زۆرن.
ئەگەر تۆمەتەکان لە دژی ترەمپ ساخ ببنەوە، بە چوار ساڵ بەندکردن بۆ هەریەک لەو کەیسانە سزا دەدرێت. لەلایەکی دیکە، پسپۆرانی یاسایی ئەمریکا دەڵێن، ئەگەری بەندکردنی ترەمپ لاوازە و بۆی هەیە سزاکە تەنیا پێبژاردن بێت.
ئەوەی لە بەرژەوەندیی ترەمپە، ئەگەر سزاش بدرێت، دەتوانێت لە بانگەشەکانی خۆی بەردەوام بێت و لایەنگرەکانیشی لە تشرینی دوومی ئەم ساڵ دەنگی پێبدەن.
پێشبینی دەکرێت بڕیاری کۆتایی دەربارەی دۆسیەکەی ترەمپ، دوو بۆ سێ مانگ بخایەنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ