ئەم ساڵ بەریتانیا نزیکەی 6000 کۆچبەر رەوانەی رواندا دەکات

01-05-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
ژمارەیەک کۆچبەر لە کەنارێکی نۆکەندی ئینگلیز دوای گەیشتنیان بە خاکی بەریتانیا. وێنە: Ben Stansall/AFP
ژمارەیەک کۆچبەر لە کەنارێکی نۆکەندی ئینگلیز دوای گەیشتنیان بە خاکی بەریتانیا. وێنە: Ben Stansall/AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای گەشتێکی پڕ لە مەترسی و بڕینی نۆکەندی ئینگلیز، ئەو کۆچبەرانەی کە لە فەرەنساوە گەیشتوونەتە بەریتانیای شوێنی خەونەکانیان، ئێستا لە ترسی دیپۆرتکردنیان بۆ رواندا، ناچارن بڕۆن بۆ کۆماری ئایرلاند.
 
جاد حەمارنە، پەناخوازێکی ئوردنییە، ئێستا لە دەبڵنە و دەڵێت، "دەترسام. گوێم لە زۆر کەس بوو دەیانگوت دەتنێرنە رواندا. دەترسام وام لێبکەن."
 
بە گوتەی وەزیری نێوخۆی بەریتانیا، ئەم ساڵ 5700 کۆچبەری نایاسایی بە فڕۆکە دیپۆرتی رواندا دەکرێن.
 
ئەگەر لەوێ داوای پەنابەرێتییان قبووڵ کرا، ئەوا دەتوانن لە رواندا بمێننەوە و ناگەڕێندرێنەوە بەریتانیا.
 
ئەگەر داواکەشیان رەتکرایەوە، دەکرێت ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە وڵاتی بنەڕەتی خۆیان، یان لە شوێنێکی سنووردارکراوی رواندا بژین یانیش بە رێککەوتن دیپۆرتی وڵاتێکی سێیەم بکرێن.
 
بۆ خۆ رزگارکردن لەو چارەنووسە، دەڕۆنە ئایرلاندی باکوور، کە بەشێکە لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا و لەوێوە دەچنە کۆماری ئایرلاند لە باشوور کە وڵاتێکی سەربەخۆیە.
 
بەشێكی خەڵکی ئایرلاند رازی نین ئەو کۆچبەرانە وەربگیرێن و خۆپێشاندانیان کرد. بەرپرسانی ئەو وڵاتەش دەڵێن، دەبێت بەریتانیا کۆچبەرە نایاساییەکان وەربگرێتەوە.
 
مایکڵ مارتن، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئایرلاند رایگەیاند، "هەردوو حکومەت پابەندن پێکەوە کار بکەن بۆئەوەی لە داهاتوودا کار لەسەر زۆر پرس بکەن، لەنێویاندا پرسی کۆچبەران. گومانی تێدا نییە کە پرسی کۆچبەران ئاڵنگارییەکی زۆر گەورەیە."
 
بەڵام ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاندووە، ئامادە نین کۆچبەران لە ئایرلاند وەربگرنەوە، وەکو چۆن فەرەنسا ئامادە نییە لە بەریتانیایان وەربگرێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە