کیم جۆنگ ئوون هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات

30-04-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
نیشانەکردن کیم جۆنگ ئوون
A+ A-
رووداو – هەولێر

کیم جۆنگ ئوون، سەرۆکی کۆریای باکوور دووبارە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات و ئەمجارە دەڵێت، ئەگەر پێویست بکات، "دەستپێشخەری" لە بەکارهێنانی ئەو چەکە وێرانکەرە دژی وڵاتە دووژمنەکانی دەکات، ئەوە بە گوێرەی میدیای فەرمی ئەو وڵاتە.
 
کیم جۆنگ ئوون بە بەرپرسانی باڵای سوپای وڵاتەکەی راگەیاند: "باڵادەستیی رەهای" هێزە چەکدارەکانی کۆریای باکوور لەوپەڕی بەرزیدا دەهێڵنەوە، چونکە، بە گوتەی خۆی، پێویستە وڵاتەکەی توانای ئەوەی هەبێت کە "ئەگەر پێویستکرا، بەشێوەیەکی پێشوەخت و ورد، هەموو هەوڵە مەترسیدار و هەنگاوە هەڕەشەئامێزەکان" دژی کۆریای باکوور لەنێوببات. 
 
کیم جۆنگ ئوون بە فەرماندەکانی وڵاتەکەی گوت، پێویستە پیۆنگیانگ بەردەوامبێت لە گەشەپێدانی چەکەکانی خۆی بۆ ئەوەی "دەستوبازووی سەربازیی بەهێزی هەبێت کە هیچ هێزێک لە جیهاندا نەتوانێت هەراسانی بکات."
 
ئەمە یەکەم جار نییە سەرۆکی کۆریای باکوور هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات. رۆژی دوشەممەی رابردووش لە کاتی بەشداریکردنی لە نمایشێکی سەربازیی وڵاتەکەیدا گوتی، دەکرێت چەکی ئەتۆمیی کۆریای باکوور بەکاربهێنێت ئەگەر "بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی" بکەونە مەترسییەوە. 
 
وێڕای سزا قورسەکانی سەر کۆریای باکوور، ئەو وڵاتە هەوڵەکانی خۆی بۆ بەسەردەمیانەکردنی سوپاکەی دووهێندە کردووە و لە چەند مانگی رابردوویشدا ژمارەیەک پێشنیازی ئەمریکای بۆ گفتوگۆ پشتگوێخستوون و چەند چەکێکی قەدەخەکراوی تاقیکردووەتەوە. 
 
مانگی رابردوو، بۆ یەکەمین جار دوای ساڵی 2017، پیۆنگیانگ مووشەکێکی دوورمەودای جۆری ICBM تاقیکردەوە، هەروەها مانگە دەستکردەکان هەبوونی جموجووڵ لە پێگەیەکی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە دەردەخەن.  
 
تاقیکردنەوەی ئەو چەکانە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکاریی کۆریای باشووری دراوسێ بۆ پێشوازیکردن لە سەرۆکێکی نوێ کە هەڵوێستێکی تووندتری بەرامبەر پیۆنگیانگ هەیە و ئەویش هاوشێوەی کیم جۆنگ ئوون، بە دووری نازانێت دەستپێشخەری لە ئەنجامدانی هێرش بکات، ئەگەر پێویستکرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی لە واشنتن دی سی، پێشوازیی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا کرد

ترەمپ دوای ئەوەی لە کۆشکی سپی لەلایەن بایدنەوە پێشوازیی لێ کرا: ئەمڕۆ سیاسەت جیهانێکی جوانە

دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، دۆناڵد ترەمپ لەلایەن جۆ بایدنەوە لە کۆشکی سپی پێشوازیی لێکرا. بایدن بە ترەمپی گوت لە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا هاوکاریی تەواوی دەکرێت. ترەمپیش گوتی: "ئەمڕۆ سیاسەت جیهانێکی جوانە."