رووداو دیجیتاڵ
پاریس بڕیاریداوە ژمارەی ساڵانەی ڤیزاکان بۆ مەغریب و جەزائیر بۆ نیوە و ئەوانەی تونسیش بە رێژەی لە 30٪ی کەمبکاتەوە.
فەرەنسا حکومەتی هەرسێ وڵاتانی مەغریب، جەزائیر و تونس بە کەمتەرخەم لە ئاست رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران ناودەبات و رەخنەشیان لێدەگرێت لە هاوکاری نەکردنیان لە خستنەڕووی بەڵگەنامەی تایبەت بە سەتان کۆچبەر کە بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە فەڕەنسا.
ماری لوپێن، سەرۆکی بەرەی نیشتمانی فەرەنسا کە دژەکۆچبەرێكی سەرسەختە، بوونی کۆچبەران بە هۆکاری سەرەکی هەڵکشانی تاوان و نەبوونی ئاسایش و شێواندنی ناسنامەی فەرەنسا دەزانێت. ئەو دەستپێشخەرییەکی تایبەت بە گۆڕینی یاسای کۆچبەرانی خستووەتەڕوو و دەڵێت، ئەگەر ساڵی داهاتوو بە سەرۆکی فەرەنسا هەڵبژێردرێت، دەستپێشخەرییەکە دەخاتە گشتپرسییەوە.
ماری لوپێن دەڵێت، "لە دەستپێشخەرییەکەی ئێمەدا یاسای تایبەت بە کەسانی بیانی دەگۆڕدرێت و 3 خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرێت: چاودێریکردنی هاتنی کۆچبەران، بەرگریکردن لە وڵاتینامە و هاووڵاتیبوونی فەرەنسی و سەروەریی دەستوور و یاسای فەرەنسا. ئەگەر لە هەڵبژاردنی بەهاری ساڵی 2022 دا بە سەرۆکی فەرەنسا هەڵبژێردرێم، ئەم دەستپێشخەرییە دەخەمە گشتپرسییەوە".
لە ساڵی 2019دا فەرەنسا 275 هەزار ڤیزای داوەتە هاووڵاتییانی جەزائیری، کەمتر لە نیوەی ئەو ژمارەیەی بە هاووڵاتییانی مەغریب داوە، تونسییەکانیش نزیکەی 5 هەزار ڤیزەیان وەرگرتووە، ئێستاش بە بڕیاری ماکرۆن هەر لە ئێستاوە تاوەکو 6 مانگی داهاتوو، تەنیا 31 هەزار و 500 ڤیزە بە جەزائیرییەکان دەدرێت و مەغریبییەکان و تونسییەکانیش نیوەی ئەو ژمارەیان بەردەکەوێت.
کەمال لەغمام، دانیشتووێکی رەباتە و دەیەوێت بچێتە فەرەنسا، بەڵام رێگری لێدەکرێت و دەڵێت، "لە راستیدا مەغریبییەکان ئەم بەیانییە سەریان لە بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا سوڕما بە کەمکردنەوەی ژمارەی ڤیزەکانی. ئەم بڕیارە تەنگهەڵچیننە بە مەغربییەکان بۆ گەشتکردن کە بە گوێرەی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان رێکخراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ