هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردنە بەڵام بایدن پێشوەختە دەنگی دا

28-10-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هێشتا زیاتر لە هەفتەیەک بۆ هەڵبژاردنی ئەمریکا ماوە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا پێشوەختە دەنگی دا و گوتی: "با هەموومان دەنگ بدەین."
 
رۆژی دووشەممە 28-10-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە شاری ویڵمینگتن لە ویلایەتی دێلاوێر چووە بنکەیەکی دەنگدان و پێشوەختە دەنگی دا.
 
پێش ئەوەی دەنگەکەی بخاتە نێو سندووقەکە بایدن گوتی: "با هەموومان دەنگ بدەین."
 
دوای دەنگدان، بایدن گوتی: "ئەمە ساتێکی شیرینە و دڵنیام کامالا هاریس دەیباتەوە."
 
جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بوو، بەڵام دوای گوشاری ئەندامانی پارتەکەی و رەخنەگرتن لە تەمەن و تەندروستی، بڕیاریدا بکشێتەوە و پشتگیریی لە کامالا هاریسی جێگری بکات. لەوکاتەوەی بایدن کشاوەتەوە، خۆی لە بانگەشەکان بەدوور گرتووە.
 
رکابەرییە گەرمەکە لە نێوان کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپی کۆمارییە. هەڵبژاردن رۆژی 05-11-2024 بەڕێوەدەچێت.
 
دەنگدانی پێشوەختە چییە؟
 
کەسانی بەساڵاچوو، نەخۆش، ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات کاردەکەن و دەخوێنن، ئەوانەی نایانەوێت لە نۆرە بوەستن یان حەزیان لە کەشوهەوای سارد نییە، دەتوانن زووتر دەنگ بە بەربژێری دڵخوازی خۆیان بدەن. نزیکەی 250 ملیۆن ئەمریکی تەمەنیان 18 ساڵ یان زیاترە و مافی دەنگدانیان هەیە؛ بەڵام لە دەنگدانی پێشوەختە، یان بەرایی نزیکەی 26.5 ملیۆن کەس دەنگیان داوە.
 
بەگوێرەی تاقیگەی هەڵبژاردن لە زانکۆی فلۆریدا، 1.9 ملیۆن کەس لە ویلایەتی جۆرجیا؛ 1.1 ملیۆن کەس لە مشیگن؛ 1.7 ملیۆن کەس لە کارۆلاینای باکوور و 1.1 ملیۆن کەسیش لە ویلایەتی پێنسلڤانیا دەنگیان داوە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەو ویلایەتانە خۆڵەمێشین، واتا خەڵکەکەی خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە دەنگی زۆرینە بۆ کام بەربژێر دەبێت.
 
دەنگدانی پێشوەختە سێ جۆری هەیە: رۆیشتن و دەنگدان لە یەکێک لە بنکەکان، ناردنی دەنگ بە پۆستە یان بەجێهێشتنی دەنگ لە سندووقێکی تایبەت کە پێیدەگوترێت درۆپ بۆکس.
 
لە تەواوی 50 ویلایەتەکەی ئەمریکا، تەنیا لە ویلایەتەکانی میسیسیپی، نیو هامشایەر و ئالابامە رێگە بە دەنگدانی پێشوەختە نادرێت.
 
ماوەی دەنگدانی پێشوەختە لە پێنج رۆژ تاوەکو 50 رۆژە و بەگوێرەی ویلایەتەکان دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی پرۆسەکە 23 رۆژ دەخایەنێت.
 
ئەم ساڵ بۆ یەکەمجار لە 20-09-2024 لە هەردوو شاری فێرفاکس و ئارلینگتنی ویلایەتی ڤێرجینیا، دەنگدانی بەرایی دەستیپێکرد. 
 
لە 20 ساڵی رابردوو خواست لەسەر دەنگدانی پێشوەختە زیادی کردووە. لە هەڵبژاردنی 2000ـدا 16٪ـی دەنگەکان پێشوەختە بوون؛ لە 2004ـدا 22٪ بوو؛ لە ساڵی 2008دا 30٪؛ لە 2012ـدا ٪33؛ لە 2016ـدا ٪40 و لە 2020ـیش بەهۆی کۆرۆناوە رێژەکە بۆ 64٪ بەرزبووەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە