هاریس: نەسروڵڵا تیرۆریست بوو و دەستی بە خوێنی ئەمریکییەکان سوور بوو

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا "تیرۆریست بوو و دەستی بە خوێنی ئەمریکییەکان سوور بوو."
 
نەسروڵڵا ئێوارەی رۆژی هەینی بە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل لە باشووری بەیرووت کوژرا، کە ئەوەش مەترسیی فراوانبوونی جەنگی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاترکردووە. 
 
هاریس لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "بە درێژایی چەندین دەیە، سەرکردایەتیکردنی حیزبوڵڵا لە لایەن ئەوەوە، بووە هۆی ناسەقامگیربوونی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کوژرانی خەڵکێکی بێهەژماری بێتاوان لە لوبنان، ئیسرائیل، سووریا و سەرانسەری جیهان. ئەمڕۆ قوربانیانی دەستی حیزبوڵڵا، رێکارێکی دادپەروەرییان بینی."
 
هاریس کە هەروەها بەربژێری دیموکراتەکانە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، دەڵێت: "پابەندبوونی پۆڵایینم بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە هەیە. هەمیشە پشتیوانی لە مافی ئیسرائیل دەکەم بۆ ئەوەی لە دژی ئێران و گرووپە تیرۆریستییەکانی لایەنگری ئێران، وەک حیزبوڵڵا، حەماس و حووسییەکان، بەرگری لە خۆی بکات."
 
هاریس دەشڵێت: "من و سەرۆک بایدن نامانەوێت ململانێی رۆژهەڵاتیی نێوەڕاست ئاڵۆزتربێت و بگۆڕێت بۆ جەنگیکی هەرێمی. ئێمە کار لەسەر چارەسەرێکی دیپلۆماسی دەکەین بۆ سنووری نێوان ئیسرائیل و لوبنان تاوەکو لە هەردوو دیوی سنوور، خەڵک بتوانێت بە سەلامەتی بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکانیان. دیپلۆماسی باشترین رێگەیە بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل و بەدەستهێنانی سەقامگیریی درێژخایەن لە ناوچەکە."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە