وەزیری بەرگریی ئەمریکا: پاڵپشتی تەواوی خۆم بۆ ئیسرائیل دەردەبڕم

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، لە پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، "پاڵپشتی تەواوی خۆم بۆ ئیسرائیل دەربڕی."
 
لۆید ئۆستن باس لەوە دەکات، دوێنێ لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی قسەی کردووە و پێ راگەیاندووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی رێگە نەدات ئێران و هێزە نزیکەکانی "شەڕەکە گەورە بکەن."
 
دەشڵێت: "هێزەکانمان لە ناوچەکەدا دەپارێزین و پابەندین بە بەرگریکردن لە ئیسرائیل."
 
ئەوە لەکاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل بەیانیی ئەمڕۆ کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لە هێرشێکی ئاسمانیدا راگەیاند، حیزبوڵڵای لوبنانیش دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
 
مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "جیهان لەبیری ناکات کە بڕیاری کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا لە نێویۆرکەوە درا".
 
مەسعود پزشکیان لەبارەی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ئەمریکییەکان ناتوانن خۆیان لە هاودەستیی زایۆنییەکان بێبەری بکەن".
 
پێشتر، رۆژی هەینی ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی کردە سەر بەیرووت و دوای ئەوە ژمارەیەک سەرچاوە رایانگەیاند، لە کوژرانی حیزبوڵڵا دەکۆڵنەوە.
 
بۆردوومانەکان بە درێژایی شەوی رابردوو بەردەوام بوون. حیزبوڵڵاش رایگەیاند، هێرشیان کردووە و تۆڵەیان لە ئیسرائیل کردووەتەوە.
 
بەهۆی هێرشەکانەوە هەزاران کەس لە لوبنان ئاوارەبوون و ماڵەکانیان جێهشێت. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە