رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەڵمانیا بە پڕۆژەیاسایەک داوای لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد ئەرکی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو 31ی کانوونی دووەمی 2026 درێژ بکاتەوە.
رۆژی هەینی لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاساکە کرا.
بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی گوت، جموجووڵەکانی داعش لە عێراق بەردەوامن و هێشتا هێزە ئەڵمانییەکان ئەرکێکی گرنگیان لەوێ ماوە.
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، "ئەرکی ناتۆ لە عێراق، بەپێی داوای عێراق پێویستە بەردەوام بێت. ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە داهاتوودا کۆتایی دێت. لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەم پێشهاتانە لە هاوئاهەنگیدا دەبین، چاوەڕێ دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا ئەنجامەکانی دیاربن."
بەشی هەرە زۆری پەرلەمانتارانی سەر بە هاوپەیمانیی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنیش پشتیوانی لە درێژکردنەوەی ئەرکی سوپای وڵاتەکەیان دەکەن.
ماکس لوکس، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا لە پارتی سەوز گوتی، "مانگی تەممووز لە هەرێمی کوردستان بووم. کاتێک دەچیتە دهۆک یان هەولێر و قسە لەگەڵ هاوپەیمانە کوردەکانمان دەکەیت، واتە پێشمەرگەکان کە رۆڵێکی سەرەکییان لە تێکشکاندنی داعش هەبوو، دەڵێن: تکایە بمێننەوە، پێویستمان بە پشتیوانی، مانەوە و یارمەتیی ئێوەیە. بە درێژکردنەوەی ئەم ئەرکە، پەیامێک دەنێرین بەوەی ئێمە هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکە جێناهێڵین."
پڕۆژە یاساکە داوا دەکات 500 سەرباز لە عێراق و هەرێمی کوردستان بهێڵدرێنەوە.
گۆیکایی ئاکبۆڵۆت، پەرلەمانتاری بە رەچەڵەک کوردی سەر بە پارتی چەپیش دەڵێت، پێویستە حکومەتی وڵاتەکەی ئاگاداری دۆخی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەش بێت.
ئەو پەرلەمانتارە بە رەچەڵەک کوردە لە پارتی چەپی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، "مەترسیی بەهێزبوونەوەی داعش ئێستا لە باکووری سووریایە نەوەک عێراق. تورکیای هاوپەیمانی ناتۆش چەندین ساڵە بە شێوەیەکی رێکخراو بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری کوردی بۆردوومان دەکات، لە کاتێکدا کە کورد لەوێ هەزاران داعشی دەستگیر کردووە. بەڕێز پیستۆریۆس، ئەگەر دەتەوێت سەرکەوتووانە رووبەڕووی داعش ببیتەوە، ئەوا پێویستە کار لەسەر ئەوە بکەی تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر باکووری سووریا بوەستێنێت."
ئێستا پڕۆژە یاساکە خراوەتە بەردەم لیژنەکانی پەرلەمان بۆ ئەوەی تاوتوێی بکەن و لە دانیشتنەکانی داهاتوودا بڕیاری لەسەر بدرێت پێش ئەوەی لە 31ی تشرینی یەکەم ئەرکی هێزە ئەڵمانییەکان کۆتایی بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ