کچە سیاسەتڤانێکی کورد داوا دەکات لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا دەنگ بە سۆشیال دیموکراتەکان بدەن

28-09-2024
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سایە ئەحمەد.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سایە ئەحمەد.
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سبەی یەکشەممە، 29ی ئەیلوول هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەمسا بەڕێوەدەچێت، رکابەری تووند لە نێوان سۆشیال دیموکرات و راستئاژۆکان هەیە.
 
بەپێی راپرسییەکان راستئاژۆکان چانسی بردنەوەیان لە سۆشیال دیموکراتەکان زیاترە، راپرسییەکان ئاشکرای دەکەن، راستئاژۆکان 26 بۆ 31٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن، واتە نزیکەی 50 کورسی لە کۆی 183ی کورسیی پەرلەمانی نەمسا و لەبەرامبەردا سۆشیال دیموکراتەکان 21٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.
 
ئامارێکی دروستی ژمارەی کورد لە نەمسا نییە، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان نزیکەی 150 هەزار کەس دەبن، هەندێک لەو کوردانە بە لێهاتوویی خۆیان توانیویانە لەنێو پارتی سۆشیال دیموکرات و حکومەتەکەیان بچنە پێشەوە و یەکێک لەوانە سایە ئەحمەدە، کە سەرۆکشارەوانیی نۆی ڤیەننایە.
 
تیمی دیاسپۆرا بۆ رووماڵی هەڵبژاردنەکە چوونەتە نەمسا و گفتوگۆیان لەگەڵ چەندین کەسایەتی کوردی نەمسا کردووە و گرنگی هەڵبژاردنەکە و ئەنجامەکانی روونکردووەتەوە کە چ کاریگەرییەکی بەسەر کوردی دیاسپۆرای نەمسا هەیە و هەروەها لەسەر پرسی کۆچبەری و تەنانەت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان نەمسا و هەرێمی کوردستان.
 
هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا هەڤپەیڤینێکی لەبارەی هەڵبژاردن و ئەنجامەکانی لەگەڵ سایە ئەحمەد، سەرۆکشارەوانیی نۆی ڤیەننا کردووە کە کە کوردێکی خەڵکی کەرکووکە. 
 
سایە ئەحمەد لەبارەی هەڵبژاردنەکانی نەمساوە گوتی: "گرنگە کوردانی نەمسا بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە سۆشیال دیموکرات بدەن، چونکە سۆشیال دیموکرات هەوڵ بۆ باشترکردنی دۆخی کورد دەدات".
 
سایە ئەحمەد باسی مێژووی دیاسپۆرای کوردی نەمسا کرد و گوتی: "45 ساڵە کوردی هەرێمی کوردستان لە نەمسا دەژین، بۆیە گرنگە ئێستا دان بە کورد دا بنرێ، بۆیەش پێموایە ئێستا کورد پێویستی بە یەکدەنگییە، چونکە هەموو حیزبەکانی نەمسا بۆ کورد باش نین".
 
سەبارەت بە رۆڵی کورد لە نێو پارتە سیاسییەکانی نەمسا، سایە ئەحمەد ئاشکرای کرد، چوار کورد وەک بەربژێر لەنێو سۆسیال دیموکراتی نەمسا کاردەکەن، کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە نەمسا دەژین هەست بەوە دەکەن کە سۆشیال دیموکراتەکان پشتیوانیانن، بۆیە دەنگدانی هەر کەسێکیان جیاوازی دروست دەکات. 
 
سایە ئەحمەد ئاماژەی بەوەکرد، سۆشیال دیموکرات لەگەڵ راستئاژۆکان زۆر جیاوازن، دۆخەکە لە رووی دیموکراسییەوە خراپ بووە، چونکە بەپێی راپرسییەکان دژە بێگانەکان (راستئاژۆکان) بەهێزدەبنەوە، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر کۆچبەران و بێگانەکان دەبێت، لەوانە کوردی دیاسپۆرای نەمسا.
 
دەربارەی کاریگەرییەکانی شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیا و گوشارەکانی رووسیا بۆسەر یەکێتیی ئەورووپا، بەتایبەتی لەسەر دابینکردنی گاز، سایە ئەحمەد گوتی"ئەورووپا کاریگەریی زۆری لەسەر رووسیا داناوە و ئەورووپا هەوڵدەدات لە رووی وزەوە پشت بەخۆی ببەستێت و وەک نەمسا پلانمان هەیە پشت بە رووسیا نەبەستین لە دابینکردنی گازی سروشتی و بەڵکو هەوڵی پشت بەستن بە وزەی پاک دەدەین".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە