جیهان
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ، سەرۆکی چین, وێنە: MANDEL NGAN and Anthony WALLACE / AFP
رووداو-هەولێر
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی پرسی تایوان دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە 28ـی تەممووزی 2022، کۆشکی سپی لە راگەیێندراویکدا بڵاویکردەوە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە کاژێر 8:33 خولەکی بەیانی بەکاتی واشنتن [15:33 خولەک بەکاتی هەولێر] ئەنجامدراوە؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە کەمێکی دیکە راگەیێندراوێک لەبارەی نێوەڕۆکەکەی بڵاودەکرێتەوە.
ئەمە دەبێتە پێنجەم پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان بایدن و شی جین پینگ لەوکاتەوەی بایدن بووەتە سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام هێشتا بێمتمانەیی لەنێوان دوو وڵاتەکە لەسەر هەندێک پرس ماوە.
چین و ئەمریکا دوو رکابەری گەورەی بازرگانیی جیهانین و هەردوولا بەردەوام لەسەر پرسی تایوان مشتومڕیانە.
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا پێش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە گوتی: "گرژییەکانی پەیوەندیدار بە دوژمنکاریی چین و مامەڵەی سەپێندراو لە ناوچەی زەریای هیندی-هێمن" ئەجێندای سەرەکیی پەیوەندیی نێوان هەردوو سەرۆکەکە دەبن.
دوایین گرژیی نێوان چین و ئەمریکا، بابەتی سەردانەکەی نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە بۆ تایوان؛ خاکێک کە حکومەتی چین بە خاکی خۆی دەزانێت و پێشتریش رایگەیاندووە کە "ئەگەر بە زەبری هێزیش بێت" رۆژێک هەر دەیگەڕێنێتەوە سەر خاکەکەی، ئەوەش لەکاتێکدایە کە تایوان حکومەت و و سیستمی خۆبەڕێوەبەری خۆی هەیە.
هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکا جاروبار سەردانی تایوان دەکەن، بەڵام پەکین پێیوایە کە سەردانی پێلۆسی دەبێتە هۆی زیاتر تێکچوونی دۆخەکە لە ناوچەکەدا. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەدوای سەرۆکی وڵات، پێلۆسی دووەم باڵاترین دەسەڵاتی لە ئەمریکادا هەیە.
رۆژی چوارشەممە، بەرپرسانی چین هۆشداریاندا کە ئەگەر بێتو پێلۆسی سەردانی تایوان بکات، ئەو کاتە "واشنتن خۆی لە دەرهاوێشتەکانی سەردانەکەی بەرپرسیار دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ