دیموکراتەکان بە نهێنی تاوتوێی گۆڕینی بایدن دەکەن

28-06-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەو ئاستە لاوازەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە دیبەیتی سەرۆکایەتیدا لە بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ پیشانیدا، دیموکراتەکان بە نهێنی تاوتوێی دەستنیشانکردنی کەسێکی دیکە دەکەن بۆ ئەوەی لە شوێنی ئەو ببێتە بەربژێری پارتەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە 5ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت.
 
بەشێکی بەرپرسانی پارتی دیموکرات دڵنیا نین لەوەی بایدن بتوانێت هەڵبژاردنەکە بباتەوە، دوای ئەوەی کە بینییان چەند جارێک تەتەڵەی کرد و نەیتوانی وەڵامی چەند پرسیارێک بە روونی بداتەوە، کە ئەوەش نیگەرانی لە نێو دەنگدەراندا دروستکردووە بەوەی کە ئەم پیاوە تەمەن 81 ساڵە، هێزی چوار ساڵی دیکەی سەرۆکایەتیی تێدا نەماوە.
 
دیموکراتەکان بە مانگ مقۆمقۆیان بوو لەسەر ئەوەی کە ئایا بایدن توانای خولێکی دیکەی سەرۆکایەتیی ماوە یان نا، بەڵام دوای دیبەیتەکە، بەشێک لە سیاسەتڤانان، بەخشەران و راوێژکارانی پارتی دیموکرات بە میدیای ئەمریکییان گوت، بەو ئاستەی بایدن پیشانیدا، ئەوان نائومێد بوون و لە نێوخۆیاندا بە نهێنی دەستیان کردووە بە باس و خواسی دانانی کەسێکی دیکە لە شوێنی. بەڵام دەشڵێن، دەرفەتی کشانەوەی بایدن زۆر کەمە.
 
بایدن رۆژی هەینی لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور دانی بەوەدا نا کە "وەک جاران" توانای دیبەیتکردنی نەماوە و لەبەردەم جەماوەرەکەی کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن کۆببوونەوە، گوتی: "وەک جاران بە باشی قسەم پێ ناکرێت، وەک جاران دیبەیتم پێ ناکرێت، بەڵام دەزانم چی دەکەم. دەزانم چۆن راستی بڵێم. راست و هەڵە لە یەک جیادەکەمەوە. دەزانم چۆن ئەم کارە بکەم."
 
دڵەڕاوکێی گەورە دیموکراتەکانی گرتووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆک نین لەسەر ئەوەی لەم کاتەدا چییان پێ دەکرێت.
 
یەکێک لە کەسە نزیکەکانی بایدن بە میدیای ئەمریکی گوتووە، لە کاتی سەیرکردنی دیبەیتەکەدا، چەند جارێک بە قسەکانی بایدن وەڕەس بووە و تەلەڤزیۆنەکەی کوژاندووەتەوە. یەکێکی دیکە باسی لەوە کردووە، ئاستە لاوازەکەی بایدن وایکرد کە ترەمپی تەمەن 78 ساڵ بە کەسێکی لێهاتوو بۆ بەڕێوەبردنی وڵات دەربکەوێت. هەندێکی دیکەیان نیگەرانیی خۆیان دەڕبڕیوە کە رەنگە دوای ئەم دیبەیتە، خەڵک لە بەخشینی پارەی بانگەشە بە بایدن ساردببنەوە.
 
ئەندامێکی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس بە میدیاکەی گوتووە، "زۆر نیگەرانم. لەسەر ئەژنۆ کەوتم و دەپاڕێمەوە کاتەکە زۆر درەنگ نەبێت بۆ گۆڕینی بایدن. دەکرا رێگری لەم شتە کرابا."
 
بەرپرسێکی دیکەی پارتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دیموکراتەکانی کۆنگرێس لە دوای دیبەیتەکە "تۆقین" و هەندێکیان، لە نێویاندا ئەوانەی دڵسۆزی بایدنن، دەیانەوێت بەربژێرێکی دیکە بخەنە بەرامبەر ترەمپ.
 
کلەیر مکاسکیل، سیناتۆری پێشووی دیموکراتەکان بە میدیای گوت: "جۆی بایدن یەک شتی لەسەر پێویست بوو بیکات، کەچی نەیکرد. پێویست بوو یەک شت بەجێبگەیێنێت، کە ئەویش ئەوە بوو، ئەمریکا دڵنیابکاتەوە کە لەم تەمەنەدا بە کەڵکی ئەو کارە دێت، بەڵام شکستی هێنا."
 
هەروەها بەخشەرەکان دڵگرانیی خۆیان لە ئاستی بایدن نیشانداوە.
 
ئەگەر پێش کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان کە لە مانگی ئاب دەکرێت، بایدن لە کێبڕکێیەکە بکشێتەوە، کە ئەمە تاوەکو ئێستاش ئەگەری زۆر کەمە، ئەوا نوێنەرانی دیموکرات دەتوانن لە کۆنگرەکەدا پشتیوانیی خۆیان بۆ بەربژێرکردنی کەسێکی دیکە دەرببڕن. بەڵام ئەگەر دوای کۆنگرەکە وازهێنانی خۆی رابگەیێنێت، ئەوا لیژنەی نیشتمانیی دیموکراتەکان کۆبوونەوەیەکی تایبەت دەکات و کەسێک بۆ شوێنگرتنەوەی بایدن دیاری دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە