دوای دیبەیتەکە دەنگی ترەمپ 7٪ زیادی کرد و دەنگی بایدنیش 3٪ کەمی کرد

28-06-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوای دیبەیتەکەی سەرۆکی پێشوو و ئێستای ئەمریکا، 81٪ـی بینەران دەڵێن دیبەیتەکە کاریگەری نابێت لەسەر دەنگدان بە بەربژێری دڵخوازی خۆیان، 5٪ـیش دەڵێن دوای دیبەیتەکە دەنگ نادەنە ئەو کەسەی پێشتر هەڵیانبژاردبوو.
 
رۆژی پێنجشەممە، 28-06-2024، کاژێر 4:00ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی بە کاتی هەولێر، دیبەیتی بەربژێرانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە نێوان ترەمپ و بایدن بەڕێوەچوو. دوای تەواوبوونی دیبەیتەکە، لە راپرسییەکدا رای ئەو ئەمریکییانە وەرگیرا کە بینەری دیبەیتەکە بوون و پرسیاری ئەوەیان لێکرا ئایا دیبەیتەکە کاریگەری لەسەر دەنگیان دەبێت؟ 
 
وەک لە راپرسییەکە دەرکەوتووە، 81٪ـی ئەو دەنگدەرانە دەڵێن پێشتر بڕیارمانداوە دەنگ بەکێ دەدەین و ئەو دیبەیتە هیچ کاریگەرییەک لەسەر دەنگەکانمان دروستناکات. هەروەها، 14٪ـی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیراوە دەڵێن دیبەیتەکە وایکرد کە دووبارە بیر بکەنەوە، بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆی دروست نەکرد. هەرچی 5٪ـی دەنگدەرەکانە دەڵێن دیبەیتەکە وایانی لێکرد بڕیارەکەیان بگۆڕن.
 
لە پرسیارێکی دیکەی راپرسییەکە کە لە بینەرانی دیبەتەکە کرا "دەنگ بەکێ دەدەیت؟" دەرکەوتووە کە 31٪ پێیانوایە دەنگ بە بایدن دەدەن، لەکاتێکدا لە راپرسیی پێش دیبەیتەکە رێژەکە 37٪ بوو. لانیکەم 43٪ـی دەنگدەرانیش گوتیان دەنگ بە ترەمپ دەدەن، لەکاتێکدا پێش دیبەیتەکە رێژەکە 40٪ بوو.
 
لە پرسیارێکی دیکە 48٪ـی بینەرانی ئەو دیبەیتە 90 خولەکییە رایانگەیاند ترەمپ باشتر توانی کاروباری سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەببات، لەکاتێکدا 23٪ـی دەنگدەران بایدنیان پێ باشتربوو. 7٪ـی هاووڵاتییە ئەمریکییەکانیش گوتیان هەردوو سەرۆکەکە ئاستیان یەکسان بوو.
 
سەبارەت بە ئاستی دوو سەرۆکەکە، 67٪ بینەران گوتوویانە ترەمپ دیبەیتەکەی بردووەتەوە و 33٪ـی بینەرانیش دەنگیان بە جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا داوە.
 
دیبەیتەکەی بایدن و ترەمپ لە شاری ئەتڵانتا لە ویلایەتی جۆرجیا بەبێ ئامادەبوونی خەڵک لە ستۆدیۆ بەڕێوەچوو. دوو سەرۆکەکە لەسەر چەندین بابەتی وەک کۆچبەران، سیاسەتی ناوخۆ، سیاسەتی دەرەوە، چاودێریی تەندروستی، رەشپێستەکان، جەنگی غەززە و جەنگی ئۆکراینا قسەیانکرد.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە