ئەم ساڵ زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەر لە هەوڵی گەیشتن بە ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوێکی ناحکومی دەڵێت، لە ساڵی 2024 زیاتر لە 10 هەزار کۆچبەر لە هەوڵی گەیشتن بە ئیسپانیا لە دەریا گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون؛ دەشڵێت، ژمارەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو 58٪ زیادی کردووە. بەگوێرەی رێکخراوەکە "زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە خەڵكی عێراق بوون."
 
رۆژی پێنجشەممە، 26-12-2024، رێکخراوی Caminando Fronterasـی ئیسپانی کە کار لە بواری مافی مرۆڤ دا دەکات رایگەیاند: "ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ساڵی 2024 هەوڵی گەیشتنیان بە ئیسپانیایان داوە و لە ئاودا گیانیان لەدەستداوە، یانیش بێسەروشوێنبوون، 10 هەزار و 457 کەسە."
 
رێکخراوە ئیسپانییەکە داتاکانی لە 01-01-2024 تاوەکو 05-12-2024 کۆکردوونەتەوە و لە ساڵی 2007ـوە ساڵانە راپۆرتی کۆچبەرانی ئیسپانیا بڵاودەکاتەوە. رێکخراوەکە رایگەیاند: "لە ساڵی 2007ـەوە ئەمە زۆرترین ژمارەی کۆچبەرانە کە لە ئاودا گیان لەدەستبدەن یان بێسەروشوێن ببن."
 
بەگوێرەی رێکخراوی (CF): "تێکڕا رۆژانە 30 کەس گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون، لە ساڵی 2023 ژمارەکە 18 کەس بوو."
 
هێلێنا مالینۆ، دامەزرێنەری رێکخراوەکە رەخنە لە بەکارهێنانی بەلەمی خراپ و رێگەی مەترسیدار دەگرێت و دەڵێت: "ئەم ژمارە بەرزانە نیشاندەری ئەوەن کە سیستمی رزگارکردن و پاراستن شکستی هێناوە. مردنی زیاتر لە 10 هەزار و 400 لە ساڵێکدا تراژیدیایەکی قبووڵنەکراوە."
 
بەگوتەی مالینۆ، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە و نەگەیشتوونەتە ئیسپانیا هاووڵاتیی 28 وڵاتی جیاوازبوون و "زۆربەیان لە ئەفریقا، عێراق و پاکستانەوە کۆچیان کردبوو."
 
رێگەی مردن
 
بەگوێرەی داتا بڵاوکراوەکان، 9 هەزار و 757 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە و بێسەروشوێن بوون لە (رێگەی ئەتڵانتیک) بووە کە بریتییە لە رێگەی ئاویی نێوان کیشوەری ئەفریقا و دوورگەکانی کەناری لە ئیسپانیا. ئەمە دووەم ساڵە لەسەر یەک، ژمارەکە ریکۆرد دەشکێنێت.
 
دوورگەکانی کەناری لە شەش دوورگەی بچووک پێکدێن، سەر بە ئیسپانیان و دەکەونە نێو زەریای ئەتڵانتیکی باکوور و رۆژئاوای مەغریب. پێکدێن لە دوورگەکانی تەنەریف، فێرتێڤێنتورا، گران کەناریا، لانزارۆتێ، لا پالما، لا گۆمێرا و ئێلهێرۆ.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، فەرمانگەی فریاکەوتنی دەریایی ئیسپانیا لە ئێکس نووسی: "رۆژی 25-12-2024 حەوت بەلەمی کۆچبەران گەیشتنە کەناری."
 
دوورگەکانی کەناری لە نزیکترین خاڵ 100 کیلۆمەتر لە کەناری باکووری کیشوەری ئەفریقا دوورن. کورتترین رێگە بۆ گەیشتن بە دوورگەکان بریتییە لە رێگەی نێوان شارۆچکەی تەرفایا لە مەغریب و دوورگەی فێرتێڤێنتورا.
 
رێگەی ئەتڵانتیک کوشندە و مەترسیدارە، بەلەمە قەرەباڵخ و کوالیتی نزمەکان بەرگەی شەپۆلە بەهێزەکانی زەریاکە ناگرن. هەندێکجار، قاچاخچییەکان بۆ ئەوەی خۆیان لە پۆلیس و پاسەوانی دەریایی بدزنەوە؛ رێگەی درێژتر و مەترسیدارتر دەگرنەبەر کە زۆر جار گەشتی نێوان ئەفریقا و دوورگەکان دەگاتە 1000 کیلۆمەتر. قاچاخچییەکان روو لە رۆژئاوا دەکەن و دەکەونە نێو ئاوی کراوە، ئینجا ئاراستەکەیان بەرەو باکووری دوورگەکان دەگۆڕن.
 
ئەم ئاراستە گۆڕینە کۆچبەرەکان بەرەو دوورگەی ئێلهێرۆ رادەکێشێت کە دەکەوێتە ئەوپەڕی رۆژئاوا، ساڵی رابردوو دوورگەکە کۆچبەرێکی زۆری بەخۆیەوە بینی.
 
حکومەتی خۆجێیی کەناری رایگەیاندووە لە دەست کۆچبەرەکان بێزارن، مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ هەزاران دانیشتووی کەناری رژانە سەر شەقامەکان و داوایان کرد حکومەت چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە بدۆزێتەوە.
 
زیادبوونی گرژییەکان
 
لەکاتی ئاهەنگی کریسمس کە لە شەوی 25ـی کانوونی یەکەم بەڕێوەچوو، شا فلیپی شەشەمی ئیسپانیا هۆشداری دا: "بەبێ بەڕێوەبردنێکی باشی کۆچبەران، گرژییەکان زیاتر دەبن. مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران پێویستیی بە هاوئاهەنگییەکی باش هەیە لەگەڵ هاوبەشە ئەورووپییەکانمان، هەروەها لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کۆچبەرەکانیان لێوە دێن."
 
پیدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە مانگی ئابی ئەمساڵ گەشتی چەند وڵاتێکی رۆژئاوای ئەفریقا کرد، ئەمەش بۆ ئەوەی هەوڵەکانی کۆنتڕۆڵکردنی کۆچی نایاسایی باشتر بکات، بە تایبەت لە هەریەک لە مۆریتانیا، سەنیگال و گامبیا کە زۆرترین کۆچبەر لێیانەوە بەرەو کەناری دەڕۆن.
 
هاوشانی ئیتاڵیا و یۆنان، ئیسپانیا یەکێکە لەو سێ وڵاتە ئەورووپییەی زۆرترین کۆچبەر رووی تێدەکەن. بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا، لە نێوان 1ـی کانوونی دووەم تاوەکو 15ـی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، 60 هەزار و 216 کۆچبەران بە نایاسایی چوونەتە وڵاتەکە، "ئمەش 14.5٪ بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاترە." 
 
هەر بەگوێرەی حکومەتی ئیسپانیا: "30٪ خۆیان گەیاندووەتە خاکی ئیسپانیا و 70ـی دیکەش چوونەتە دوورگەکانی کەناری."
 
بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتییی کۆچ، کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە پێشبینی دەکات: "لە 2014ـەوە زیاتر لە 16 هەزار و 400 کۆچبەر کە لە ئەفریقاوە بەڕێکەوتوون، لە هەوڵی گەیشتن بە ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بیرۆکەی دابەشکاریی نەوەکان لەلایەن کارل مانهایم، توێژەری کۆمەڵایەتی و کۆمەڵناسی ئەڵمانییەوە لە ساڵی 1928 داهێندرا.

2025؛ ساڵی لەدایکبوونی نەوەی بێتایە

ساڵی 2013 تاوەکو 2025ـش بە سەردەمی نەوەی ئەلفا ناسراوە. لەدایکبووانی ئەو سەردەمە ئێستا لە تەمەنی منداڵیدان. ئەو نەوەیە لە سەروبەندی دروستکردنی ژیری دەستکرد، پەتا جیهانییەکان و گرنگیدان بە ژینگە لەدایکبوون.