رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا "بە تووندی سەرکۆنەی" هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر ئیسرائیل دەکات. وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە دەڵێت: "هێرشەکان قبووڵنەکراون، ناسەقامگیرکەرن و دەبێت بووەستن."
رۆژی (هەینی، 27-12-2024)، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، لەبارەی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییەکان لە دەریای سوور، رایگەیاند: "فەرەنسا دووپاتی دەکاتەوە هەموو ئەو هێرشانەی لەماوەی یەک ساڵدا حووسییەکان بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و خاکی ئیسرائیل ئەنجامیان داون، جێگەی قبووڵکردن نین و پێویستە دەستبەجێ بووەستن."
دوای ئەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023، هەڵگیرسا، حووسییەکانی یەمەن هاوپەیمانیی خۆیان بۆ حەماس دەربڕی و دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی نزیک لە ئیسرائیل لە دەریای سوور و بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل کرد.
بەگوێرەی پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ستراتیجی، لەو کاتەوە "حووسییەکان بەبەکارهێنانی درۆن و مووشەک، زیاتر لە 220 هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و زۆربەی هێرشەکان لە رێگەی سیستمی بەرگرییەوە بەرپەرچدراونەتەوە. هەروەها، بزووتنەوە یەمەنییەکە زیاتر لە 300 هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکان لە دەریای سوور."
پێش ئەو راگەیێندراوە، حووسییەکان رایانگەیاند، مووشەکێک و درۆنێکیان ئاراستەی فڕۆکەخانەی بێن گوریۆن لە تەلئەڤیڤ کردووە؛ ئاماژەیان بەوەشکرد: "سەرەڕای سیستمی بەرگریی دووژمن، مووشەکەکە سەرکەوتووانە گەیشتە ئامانجەکەی و ئۆپەراسیۆنەکە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە."
لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، مووشەکەکەیان خستووەتە خوارەوە و دوای 30 خولەکیش گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە دەستیانپێکردووەتەوە.
هێرشەکەی حووسییەکان دوای ئەوە هات کە دوێنێ پێنجشەممە، ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا و چەند پێگەیەکی یەمەنی بۆردوومانکرد. حووسییەکان رایانگەیاند، لە هێرشەکان سێ کەس کوژران و 11ـی دیکەش بریندارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ