رووداو دیجیتاڵ
لە تاران، چەند خولەکێکی کەم دوای دەستپێکردنی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دەیان کەس لە شیرینی خەو هەستان و لە نۆرەی وەرگرتنی بەنزین وەستان. ئەوان، نیگەرانی هێرشکەی بەرەبەیانی رۆژی شەممەی ئیسرائیلن.
هومەن، هاووڵاتیی ئێرانی لە تارانەوە دەڵێ "بەڵێ، بەجۆرێک نیگەرانین؛ پێمان وابوو شەڕەکە بەرەو ئێمە نایەت. من لە شیفتی شەوان کار دەکەم و گوێمان لە دەنگی تۆپ و تەقینەوە بوو، لە راستیدا دەنگەکە لە تەواوی ئاسمانی ناوچەکە دەنگی دەدایەوە، دەنگێکی ناخۆش و تۆقێنەر بوو."
ئامانجی هێرشەکە؛ ژمارەیەک پێگەی سەربازی بوو لە پارێزگەکانی تاران، ئیلام و خوزستان. بەرپرسانی ئێران تەنیا کوشتنی دوو سەربازیان راگەیاندووە.
سپیدە، هاووڵاتی ئێرانی لەبارەی ترسی لە شەڕەکە دەڵێ "شەڕ ترسی هەیە. نیگەرانی دەوێت. ئەو رووداوانەی لە شەڕدا روودەدەن، بۆ هەمووان جێگەی نیگەرانین."
شاری تەلئەڤیڤ، دەکەوێتە سەر دەریای نێوەڕاست. لەم شارەش نیگەرانییەکە جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ تاران نییە.
ئیسرایل کۆهین، هاووڵاتیی ئیسرائیلی لە تەلئەڤیڤەوە دەڵێ "پێموایە ئێران وەڵامی هێرشەکەمان دەداتەوە، بەڵام پێموانییە بوێری ئەوەی هەبێت زیانێکی گەورە بە ئیسرائیل بگەیێنێت."
یانیڤ کین، هاووڵاتیێکی دیکەی ئیسرائیلی دەڵێ "قورسە بزانین لەداهاتوودا چی روودەدات، بەڵام بە گشتی نیگەرانین. دۆخەکە ئاڵۆزە و هەرچییەک رووبدات، سەرسامم ناکات."
ئیسرائیل هۆشداری لە ئەگەری وەڵامدانەوەی هێرشەکە لە لایەن تارانەوە دەدات. وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، "بەرگریکردن لە بەرامبەر کردەوەی دەستدرێژیکارانەی دەرەکی" ماف و ئەرکی خۆیانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ