رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی بۆردوومانەکانی یەمەنی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا و بەندەرەکانی حودەیدە و سەلیف.
رۆژی پێنجشەممە 26-12-2024، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "هێرشمان کردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا، هەروەها هەردوو وێستگەی وزەی عەزیز و رەئس کوتەیب."
سوپای ئیسرائیل هەروەها رایگەیاند، ژێرخانی بەندەرەکانی حودەیدە و سەلیفیان لە رۆژئاوای یەمەن کردووەتە ئامانج.
میدیای نزیک لە حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند: "لە دووژمنکارییەکدا، ئیسرائیل فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعا و بنکەی ئاسمانیی دلێمی لە سەنعا کردە ئامانج؛ هەروەها وێستگەیەکی کارەبا لە شاری حودەیدە بۆردوومانکرا."
ڤیدیۆ؛ ئیسرائیل دەڵێت، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعایان لە یەمەن کردووەتە ئامانج pic.twitter.com/NTPByuoMXm
— Rudaw (@Rudawkurdish) December 26, 2024
سوپای ئیسرائیل ئەوەشی ئاشکراکرد: "هێرشەکانی یەمەن بە رەزامەندیی سوپاسالار، وەزیری بەرگری و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بووە."
چەند سەرچاوەیەکی یەمەنی ئاشکرایانکرد: "شەش هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا و بنکەی ئاسمانیی دلێمی. وێستگەی کارەبای عەزیز لە سەنعا دوو هێرشی ئاسمانی کرایە سەر."
رادیۆی سوپای ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکە گوتی، هێرشەکانی یەمەن "بەشێکن لە هەڵمەتێکی نوێی ئیسرائیل لە دژی حووسییەکان. ئەم هێرشانە وەکو هێرشەکانی پێشوو نابن."
بەرپرسێکی ناونەهێنراوی حووسییەکان رایگەیاند: "با ئیسرائیل چاوەڕێی وەڵامێکی گەورەمان لێبکات."
لەلایەکی دیکە، دەستەی پەخشی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئیسرائیل بۆ چوارەم جار هێرشی کردە سەر یەمەن و ئەمریکاش ئاگادار کرابووەوە."
چەند سەرچاوەیەکی ناونەهێنراوی ئیسرائیلی رایانگەیاند، دامەزراوەی بەرگریی ئیسرائیلی دەیەوێت هێز و خێرایی هێرشەکان لە دژی حووسییەکان زیاد بکات.
کۆمپانیای ئامبرێ، تایبەت بە ئاسایشی دەریایی و کەشتییەکان رایگەیاند: "سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردەسەر بەندەری حودەیدە لە یەمەن."
کەناڵ 13ـی ئیسرائیلی لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی وڵاتەکە رایگەیاند: "هێرشەکەی سەر یەمەن بۆ دوایین جار نییە. دەبێت حووسییەکان وانە لە غەززە و لوبنان وەرگرن."
پێش هێرشەکە، عەبدولمەلیک حووسی، سەرۆکی بزووتنەوە یەمەنییەکە رایگەیاند: "ئیسرائیل دانی بەوەدا ناوە کە ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئاڵنگاریی حووسییەکانی یەمەن بکات. ئۆپەراسیۆنەکانمان لە دژی ئیسرائیل کاریگەر و بەردەوامن و ناشوەستن."
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ 25-12-2024 بزووتنەوەکەی یەمەن مووشەکێکی بالیستی و دوو درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
لە هێرشێکی دیکە، رۆژی شەممە 21-12-2024 حووسییەکان مووشەكێکیان ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و 16 کەس برینداربوون.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەرلەمانی وڵاتەکەی گوتی: "فەرمانم بە هێزەکان کردووە ژێرخانی حووسییەکان وێران بکەن، چونکە هەر کەسێک هەوڵبدات ئازارمان بدات بە هەموو هێزەوە لێی دەدەین. بە هێز و داهێنانەوە بەردەوام دەبین لە رووخاندنی هێزەکانی خراپەرکاری، ئەگەرچی کاتیشی زۆر بوێت."
لەوکاتەوەی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکردووە، حووسییەکان هاوپەیمانیی خۆیان بۆ بزووتنەوەی حەماس لە دژی ئیسرائیل راگەیاندووە و چەند جارێک هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ