رووداو - هەولێر
سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی راگەیاند و گوتی، بەغدادی لە ئۆپەراسیۆنێکی دوو کاژێریدا لەگەڵ سێ لە منداڵەکانی و چەند چەکدارێکی دیکەی داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کوژراوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ (یەکشەممە 27-10-2019) قسەی لەبارەی کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی کرد و رایگەیاند "ئەبوبەکر بەغدادی کوژراوە و ئەمریکا تیرۆریستی یەکەمی رووبەڕووی بەرپرسیارییەتی کردەوە، ئەو دامەزرێنەری داعش بوو، ئەمریکا بەدوای بەغدادیدا دەگەڕا و لەلایەن تیمی ئاسایشی نیشتمانی ئیدارەکەی منەوە لە باکووری سووریا کوژراوە. هێزێکی تایبەتی ئەمریکا توانیان لە شەودا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئۆپەراسیۆنەکەیان لەسەر زەوی ئەنجام بدەن".
سەبارەت بە چۆنییەتی کوشتنەکەی، دۆناڵد ترەمپ گوتی "من زانیم هێزەکانی ئەمریکا بەجیدی کارەکەیان ئەنجامداوە، هیچ کەسێکی ئێمە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا گیانی لەدەستنەداوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکانی بەغدادی و یاریدەدەرەکانی کوژراون. ئەو کوژرا دوای ئەوەی چووە نێو توونێلێکەوە و هاواری دەکرد و بەدرێژایی رێگەکە دەگریا، بەڵام هەموو ئەو کەسانەی دەوروبەری کوژران. 11 منداڵ لەنێو ژوورەکەدا بردرانە دەرەوە و تاکە کەسێک کە لەنێو توونێلەکەدا بوو بەغدادی بوو، ئەو سێ لە منداڵەکانی خۆی بردبووە نێو تونێلەکە و وەکو سەگێک چووە نێو توونێلەکە. ئەو خۆی تەقاندەوە و خۆی کوشت و سێ منداڵەکەیشی لەگەڵ خۆیدا کوشت. بەهۆی تەقینەوەکەوە بەغدادی بە تەواوی وێران ببوو، بەڵام تاقیکردنەوە و توێکارییەکان نیشانیاندا کە ئەمە بەغدادییە".
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایدەگەیێنێت "ئەو کەسەی ببووە هۆکار لەسەر هێزەکانی ئەمریکا کوژرا، ئۆپەراسیۆنەکەش بۆ ماوەی دوو کاژێر بەردەوام بوو، دوای کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکەش هەموو ماددەکان و کەلوپەلەکانی پەیوەندیدار بە داعش کۆکرانەوە".
ترەمپ دەڵێت، ئێمە پابەند دەبین بە لەنێوبردنی گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکەی داعش و رایدەگەیینێت "بەغدادی یەکێک بوو لە سەرکردەی تیرۆریستەکان و پابەندی ئێمەش بۆ کۆتاییهاتنی چەکدارانی دیکەی داعش بەردەوامە، مانگی رابردووش رامانگەیاند کە هەمزە بنلاندی کوڕی ئوسامە بنلادنمان کوشت، کە زۆر شتی دەربارەی ئێمە و جیهان بە خراپی دەگوت. ئەو سەرکوتکاری بەرامبەر خەڵک ئەنجامدەدا، لەبەرئەوە ئێمە بە تەواوی ئەوان تێکدەشکێنین".
دۆناڵد ترەمپ ئاماژە بەوە دەدات کە، بەغدادی لەوەتەی هەبووە هەر خۆی شاردووەتەوە و دەشڵێت "ئێمە خەلافەتەکەمان تێکشکاندن و ئەمڕۆش جارێکی دیکە دووپاتیدەکەینەوە کە کۆتایی بە چەکدارانی دایکەی داعش دەهێنین و ئەمە چارەنووسی هەموو رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەش دەبێت. لەبەئەوە بەغدادی دۆڕاوێکی ترسنۆک بوو، ئەو بووکەڵەیەکی ترسنۆک بوو، ئەوان چەندین خەڵکی بێتاوانیان کوشت، ئەوان رقێکی زۆریان بەرامبەر ئێمە هەبوو، کوشتنەکانیشیان بە ئاشکرا ئەنجام نەدەدا. ئەوان جینۆسیادیان بەرامبەر ئێزدییەکان بەکارهێنا و مێژووش سەرجەم ئەوانەی لەبیردەمێنێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سوپای چەند وڵات و هێزێکی کرد کە هاوکاربوون بۆ لەنێوبردنی ئەبوبەکر بەغدادی و گوتی "سوپاسی رووسیا عێراق، تورکیا و هەسەدە دەکەم، کە هاوکاربوونە لە کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، ئۆپەراسیۆنەکە زۆر ترسناک بوو، زۆر سوپاس بۆ هەواڵگرییە پرۆفێشناڵەکان کە وایانکرد ئەم ئەرکە زۆر سەرکەوتووبێت، دەمەوێت سوپاسی هەموو سەربازەکان بکەم کە دوێنێ شەو لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداربوون، ئێوە باشترینن".
ئەمڕۆ (یەکشەممە 27-10-2019) وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە کۆشکی سپی راگەیاندبوو، کە لە ئەنجامی بۆردوومانی سەر ئیدلب لە باکووری سووریا رەنگە ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش کوژرابێت.
سەرچاوەکان دەڵێن، هەفتەی رابردوو ترەمپ واژۆی لەسەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی زۆر تایبەت کردووە، یەکەیەکی تایبەتی ئەمریکی لە ئۆپەراسیۆنێكی زۆر تایبەتدا، هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو شوێنەی کە بەغدادی و ژن و منداڵەکانی تێدا بوون.
کە هەواڵی کوژرانی بەغدادی بڵاوبووەوە، ئێران دەستبەجێ رایگەیاند، هەفتەیەک زیاترە کە لە رێگەی حکومەتی سووریاوە سەبارەت بە شوێنی مانەوەی بەغدادی ئاگادارکراوەتەوە و سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر بوون سەبارەت بەو بابەتە.
هەواڵی کوژرانی بەغدادی لەکاتێكدا دێت، ترەمپ لەناوخۆی وڵاتەکەیدا رووبەڕووی دوو گوشاری گەورە بووەتەوە، بڕیاری کشاندنەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە رۆژئاوای کوردستان کە رەخنەی تووندی کۆنگرێسی بەدوایخۆیدا هێنا و هەروەها گوشاری کۆنگرێس بە لێپێچینەوەی ترەمپ بەهۆی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ