ئۆکراینا خۆی بۆ هێرشی زیاتری ئاسمانیی رووسیا ئامادە دەکات

27-08-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە، دامودەزگەکانی ئۆکراینا لە سەرانسەری وڵاتەکە هۆشدارییان لە ئەگەری هێرشی ئاسمانیی زیاتری رووسیا دا، دوای ئەوەی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی رووسیا جارێکی دیکە دەستیان بە فڕین کردەوە. 
 
هۆشدارییەکە دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ رووسیا بە سەدان مووشەک و درۆن هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ژێرخانی کارەبای ئۆکراینا. بە گوتەی بەرپرسانی کیێڤ، لەو هێرشەدا چوار کەس کوژران و زیانی گەورە بەر وێستگەکانی بەرهەمهێنان و تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبای ئۆکراینا کەوت. 
 
هێرشەکەی رووسیا هەروەها بووە هۆی ئەوەی لە زۆر ناوچەی ئۆکراینا کارەبا ببڕێت.
 
هێرشەکە دوای ئەوە هات کە هێزەکانی ئۆکراینا رایانگەیاند، لە نێو هەرێمی کورسکی رووسیا پێشڕەویی زیاتریان کردووە.  
 
هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا رۆژی سێشەممە، پشتڕاستیکردەوە کە ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی رووسیا لە جۆری Tu-95MS لە بنکەی ئاسمانیی ئێنگڵز لە رۆژئاوای رووسیا فڕیون، بەو هۆیەش لە سەرانسەری ئۆکراینا، هۆشداری لە ئەگەری هێرشی زیاتر درا. 
 
بە گوێرەی بەرپرسانی خۆجێی ئۆکراینا، سێ کەسی دیکە لە هێرشەکانی شەوی رابردووی رووسیا دا کوژراون، دوو کەسیان لە شاری کریڤی ریگ لە نێوەڕاستی ئۆکراینا و یەکێکی دیکەیان لە شاری ژاپۆریژیای باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە. 
 
رۆژی دووشەممە، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، مۆسکۆ لانیکەم بە 127 مووشەک و 109 درۆن هێرشی کردووەتە سەر وڵاتەکەی، کە ئەوە "یەکێکە لە گەورەترین هێرشەکانی رووسیا" لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکە لە شوباتی 2022ـەوە لە یەک رۆژدا روویدابێت. 
 
بە گوتەی میکۆلا ئۆلێشچوک، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا، 102 مووشەک و 99 درۆنی ئەو هێشرشە، بەرپەرچدراونەتەوە و خراونەتە خوارەوە. 
 
ئەمریکا و بەریتانیا سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکەی بە "زۆر خراپ" و دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوی بەریتانیاش بە "ترسنۆکانە" وەسف کرد. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە