رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە لە کۆماری جۆرجیا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کرا. بەربژێرێکی کورد بە ناوی ئیسکۆ داسنی، توانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت و بۆ سێیەم خوول لەسەر یەک ببێتە پەرلەمانتاری جۆرجیا.
ئیسکۆ داسنی تاکە بەربژێری کورد بوو لە نێو ركابەریەکەدا. بە گوێرەی سەرژمێریی ساڵی 2002، ژمارەی كورد لە جۆرجیا 22 هەزار كەسە.
ئیسکۆ داسنی سەر بە پارتی "خەونی جۆرجیایە"، لە شاری تبلیسی پایتەختی جۆرجیا بە کامێز شەدادی، نێردراوی رووداوی راگەیاند، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، پارتەکەیان یەکەمی هەڵبژاردنەکەیە.
داسنی گوتی: "پارتەکەمان بە مسۆگەری سەرووی 50٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، بە فەرمی رەنگە 54 تا 55٪ بێت."
ئەنجامی کۆتایی هێشتا رانەگەیێندراون.
(خەونی جۆرجیا) لە ساڵی 2012ـەوە فەرمانڕەوایی لە وڵاتەکە دەکات و لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020 لە کۆی 150 کورسی، 90ـی بەدەستهێنان.
داسنی لەبارەی کودانی جۆرجیاوە گوتی: "میللەتەکەمان هەمووی بە یەکگرتوویی پشتیوانییان لێ کردم، هاتن و دەنگیاندا. دڵخۆشم کە بۆ جاری سێیەم دەبمە ئەندامی پەرلەمانی جۆرجیا."
پەرلەمانتارەکە لە بارەی کوردەوە گوتی، "لە جۆرجیا دەمانناسن و رێزمان دەگرن،" رەتیشیکردەوە لەو وڵاتەدا "میللەتەکان ون بن یان رێزیان نەگیرێت."
لەرینەوە لەنێوان رووسیا و رۆژئاوادا
ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییە بۆ ئەندامەکەی پێشووی یەکێتیی سۆڤیەت گرنگە، چونکە یەکلایی دەکاتەوە کە ئایا جۆرجیا لە رووی پەیوەندییەوە لە رووسیا نزیکدەبێتەوە یان رۆژئاوا.
پارتی خەونی جۆرجیا لەم دوو ساڵەی رابردوودا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا پەرەپێداوە، بەوەش هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی پەست کردووە. بیدزینا ئیڤانیشڤیلی، سەرکردەی پارتە فەرمانڕەواکە سەرکەوتنی پارتەکەی راگەیاند.
ئیڤانیشڤیلی گوتی: "دڵنیاتان دەکەمەوە وڵاتەکەمان لە چوار ساڵی داهاتوودا سەرکەوتنی گەورە بەدەستدێنێت."
سالۆم زۆرابیچڤیلی، سەرۆکی جۆرجیا کە پێشتر هاوپەیمانی پارتی فەرمانڕەوا بوو، ئێستا بووەتە رەخنەگرێکی سەرسەخت. هەروەها چاودێرانی سەربەخۆی هەڵبژاردن پارتەکە تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە دەنگی خەڵکی کڕیوە و پێش دەنگدانەکە پێشێلکاریی دیکەی هەڵبژاردنی کردووە.
لە کاتێکدا پارتە فەرمانڕەواکە لە میدیاکانییەوە جاڕی سەرکەوتن لێدەدات، پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لە میدیاکانیانەوە دەڵێن زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانەکەیان مسۆگەر کردووە.
زۆرابیچڤیلی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت: "وێڕای هەوڵەکانی ساختەکاری، جۆرجیای ئەورووپی 52٪ی دەنگەکان دەباتەوە" کە مەبەست لێی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانە کە هاوپەیمانی وڵاتانی رۆژئاوان.
بەڵام چوار فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی جۆرجیا، ناکۆکیی قوڵیان هەیە و دیار نییە ئایا دەتوانن ببنە یەک هاوپەیمانیی زۆرینە بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە پارتی خەونی جۆرجیا یان نا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ