رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی کۆچی سوێد بڕیاریدا سەلوان مۆمیکا، ئەو پەناخوازە عێراقییەی چەندجارێک قورئانی پیرۆزی سووتاند لەو وڵاتە دەربکات و لەدوای رۆژی 16ـی نیسانی ساڵی 2024ـەوە لەو وڵاتە نەمێنێت و مانەوەی بۆ نوێ نەکرێتەوە، هەروەها بڕیاریشدا کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ مۆمیکا سەردانی سوێد نەکاتەوە، بەڵام سەلوان مۆمیکا گوتوویەتی "سوێد بەجێناهێڵێت و تێیدا دەژی و دەمرێت."
فەرمانگەی کۆچی سوێد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-10-2023، رایگەیاند، بڕیاریداوە مافی مانەوە بۆ سەلوان مۆمیکا پەناخوازی عێراقی لە سوێد نوێ ناکاتەوە و لە سوێد نامێنێت.
دەزگاکە ئەوەی روونکردووەتەوە مانگی نیسانی داهاتوو مافی مانەوەی ئەو پەناخوازە نوێ ناکاتەوە، لەناوەڕۆکی بڕیارەکەشیدا ئەوە هاتووە"بەهۆی ئەوەی تەگەرە لە بڕیاری رەوانەکردنی هەیە، بۆیە مانەوەیەکی دیاریکراوی پێدەدرێت کە لە رۆژی 25ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە دەستپێدەکات تاوەکو 24ـی نیسانی 2024، هەروەها بەڵگەنامەی گەشتکردنی بۆ هەمان ماوە پێدەدرێت."
فەرمانگەکە بڕیاریشی داوە بۆ "ماوەی پێنج ساڵ سەلوان مۆمیکا بۆی نەبێت سەردانی سوێد بکاتەوە."
سەلوان مۆمیکا، لەبارەی بڕیارەکەوە بە کەناڵی سوێدی راگەیاندووە، " سوێد بەجێناهێڵم، لە سوێد دەژیم و هەر لە سوێد دەمرم، فەرمانگەی کۆچی سوێد هەڵەیەکی گەورەی کرد، پێموایە هۆکاری سیاسیی شاراوەی لەپشتەوە هەیە و بڕیارەکە تەمیز دەکەمەوە."
بڕیارەکەی فەرمانگەی کۆچی سوێد، "رەنگە رووبەڕووی تەگەرە ببێتەوە"، چونکە ئەو وڵاتە واژۆی لەسەر رێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان کردووە کە ناردنەوەی ئەو پەناخوازانە قەدەخە دەکات کە لە وڵاتەکانیان بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
رۆژی چوارشەممە 28-6-2023، لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، سەلوان مۆمیکای پەناخوازی تەمەن 37 ساڵی عێراقی، لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، دواتر سێ جاری دیکە دووبارەی کردەوە، رەفتارەکەی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی و تەنانەت ئەوروپاشی نیگەران کرد، بەهۆیەوە لە عێراق هێرشکرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە و سووتێندرا و عێراق باڵیۆزی خۆی لەو وڵاتە کشاندەوە و داوای لە باڵیۆزی ئەو وڵاتەش کرد عێراق بەجێبهێڵێت.
سەلوان سەباح مەتی مۆمیکایە، لەدایکبووی 23-06-1986ـی شارۆچکەی حەمدانییە (قەرەقووش)ـی زۆرینە کریستیاننشینی سەر بە پارێزگای نەینەوایە، لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە. خۆی بە نووسەر و بیرمەند و چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ دەناسێنێت، هەرچەندە لە نەتەوەی سریانە، بەڵام لە ساڵی 2019ـوە خۆی وەکو 'بێ دین' ناساندووە.
سەلوان، کە لەلایەن دادگەکانی عێراق داواکراوە و عێراق بە فەرمی داوای رادەستکردنەوەی لە سوێد کردووە، پێشتر لە بەغدا ژیاوە، دوای سەرهەڵدانی داعش لە ساڵانی 2016 و 2017 گرووپێکی چەکداریی بەناوی "کەتیبەکانی هەڵۆکانی سریان" و پارتی یەکێتیی سریانیی دیموکراتی دامەزراندووە.
سەلوان تەمەنی 37 ساڵە و خۆی بە عێراقییەکی لیبڕاڵ، عەلمانی و بێدین دەناسێنێت، ئەندامی پارتی دیموکراسییەکانی سوێدە، دەرچووی پەیمانگەی نەینەوایە بۆ گەشتیاری و هۆتێل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ