جیهان
پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تەلەگرام، وێنەکە لە ئینستاگرامی خۆیەوە وەرگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
دامودەزگە دادوەرییەکانی فەرەنسا دەستبەسەرکردنی پاڤڵ دورۆڤ، دامەزرێنەری ئەپڵیکەیشینی تەلەگرامیان درێژکردەوە، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بە تۆمەتی هەندێ سەرپێچی لە فڕۆکەخانەیەکی نزیک پاریس، دەستگیریان کرد.
دورۆڤ کە لەدایکبووی رووسیایە، درەنگانی شەوی شەممە، لە فڕۆکەخانەی لوبۆرگێت لە نزیک پاریس دەستگیرکرا. دەستگیرکردنەکە بە دوایین ئەڵقە لە زنجیرەیەک پێشهاتی نائاسایی لە ئەزموونی کارکردنی دورۆڤ دادەنرێت، کە بە یەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی بواری تەکنەلۆجیای جیهان دادەنرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە، دەستبەسەرکردنی دورۆڤی تەمەن 39 ساڵ درێژکراوەتەوە. بەگوێرەی یاسای فەرەنسا، ماوەی سەرەتایی دەستبەسەرکردن بۆ لێپێچینەوە لە هەر گومانلێکراوێک، ئەوپەڕی 96 کاژێرە.
دوای تەواوبوونی قۆناخی دەستبەسەرکردن، دادوەر دەتوانێت ئازادی بکات یان بە فەرمی تۆمەتباری بکات بۆ ئەوەی بە دەستگیرکراوی بمێنێتەوە.
رووسیا دەڵێت، فەرەنسا "ئامادە نییە هاوئاهەنگی بکات"؛ هەروەها ئیلۆن مەسک، ملیاردێر و کەسایەتیی دیاری بواری تەکنەلۆجیا، داوای ئازادکردنی دورۆڤ دەکات. دورۆڤ وڵاتینامەی فەرەنسا و چەند وڵاتێکی دیکەی هەیە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە رایگەیاند، دورۆڤ لە شاری باکووی پایتەختی ئازەربایجانەوە گەشتی کردبوو بۆ ئەوەی لە پایتەختی فەرەنسا ژەمی ئێوارە بخوات.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، پاسەوانێکی تایبەت و یاریدەدەرێک لەگەڵ دورۆڤدا بوون.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی دیکە، فەرمانگەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی منداڵانی فەرەنسا پێشتر داوای دەستگیرکردنی دورۆڤی کردبوو، ئەوەش دوای لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک تۆمەت کە دەدرێنە پاڵ تەلەگرام، لەوانەش ساختەکاری، بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر، هەراسانکردنی ئەلیکترۆنی، تاوانی رێکخراو و بانگەشەکردن بۆ تیرۆر.
دورۆڤ تۆمەتبارە بەوەی نەیتوانیوە رێگری لە بەکارهێنانی تەلەگرام بۆ مەبەستی تاوانکاری بکات.
تەلەگرام لە وەڵامدا گوتی، "دورۆڤ هیچی لەسەر نییە تاوەکو بیشارێتەوە و زوو زوو سەردانی ئەورووپا دەکات."
کۆمپانیاکە دەشڵێت، "تەلەگرام پابەندە بە یاساکانی یەکێتیی ئەورووپا، لەوانەش یاسای خزمەتگوزاریی دیجیتاڵی؛ جڵەوکردنیشی لە ئاستی ستانداردی پیشەسازییەکەیە. بێمانایە کە دەگوترێت تەلەگرام یان خاوەنەکەی بەرپرسن لە خراپبەکارهێنانی سەکۆیەکە."
پاڤێل دورۆڤ، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تەلەگرام:
- لەدایکبووی 10-10-1984 سان پیتەرسبێرگ، رووسیایە
- وڵاتینامەی رووسیا، سان کیتس و نێڤیس، ئیمارات و فەرەنسای هەیە
- بەکەلۆریۆس لە بەشی زمانەوانیی زانکۆی سان پیتەرسبێرگ (2006) خوێندووە
- ساڵی 2006 لەگەڵ برایەکی، تۆڕی VKـیان دامەزراند کە بە فەیسبووکی رووسیا دەناسرێت
- لەلایەن رووسیاوە گوشاری لێکرا هەندێ بابەت لەسەر تۆڕەکە سانسۆر بکات
- پشکەکانی لە VK فرۆشتن و رووسیای جێهێشت
- لە ساڵی 2013 تەلەگرامی دامەزراند
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ