رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کار دەکەن بۆ رێگەگرتن لە زیادبوونی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
رۆژی یەکشەممە 26-08-2024 جەیک سوڵیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە شاری هالیفاکس لە کەنەدا بوو. سوڵیڤان لەگەڵ جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا کۆبووەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش دۆخی سیاسی و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو.
سوڵیڤان رایگەیاند، "ئەمریکا نیگەرانی ئەو تەنگژەیەیە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستیپێکردووە. ئێمە لەگەڵ هەموو هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان بەبێ وەستان هاوئاهەنگیمان کردووە، کەرەستەی سەربازیمان گواستووەتەوە و بەشێوەی تایبەت و ئاشکرا بەشداریی هەوڵی دیپلۆماسیمان کردووە، تەنیا بۆ رێگەگرتن لە ئەنجامی خراپ."
سوڵیڤان گوتیشی، "هیوادارم رووداوەکانی دوێنێ نەبنە هۆی زیادبوونی گرژییەکان و دروستبوونی جەنگێکی ناوچەیی."
دوێنێ (یەکشەممە)، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چاودێریی حیزبوڵڵای لوبنانیان کردووە لە باشووری لوبنان و زانیویانە بزووتنەوەکە خۆی بۆ هێرشێکی گەورە و بەرفراوان ئامادە دەکات، بۆیە چەندین ئامانجیان بۆردوومانکردووە.
حیزبوڵڵا دواتر رایگەیاند، 320 کاتیۆشایان ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کردووە.
سوڵیڤان لەبارەی گفتوگۆکانی قاهیرەش تایبەت بە ئاگربەستی جەنگی غەززە گوتی، "لەسەر هەموو لایەنەکانی ئەو ناوچەیەیە کار بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بکەن. لایەنی ئەمریکا لە قاهیرە ماندوونەناسانە کار لەگەڵ نێوەندگیرەکانی دیکە دەکات و هەوڵی بەدەستهێنانی ئاگربەست و رێککەوتن دەدات".
گوتەکانی سۆڵیڤان لەکاتێکدان گەڕێکی دیکەی دانوستاندنی ئاگربەستی غەززە لە قاهیرەی پایتەختی میسر بێ رێککەوتن کۆتاییهات و حەماس شەوی رابردوو رایگەیاند شاندەکەی قاهیرەی جێهشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ