لە مەغریب لە یەک رۆژ دا 20 کەس لە گەرما مردن

26-07-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی تەندروستیی مەغریب رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 20 کەس بەهۆی گەرما لە شاری بەنی مەلالی نێوەڕاستی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.  
 
بە گوێرەی فەرمانگەی کەشناسیی ئەو وڵاتە، رۆژی دووشەممە تا پێنجشەممەی رابردوو، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بەشی هەرە زۆری ئەو وڵاتەی باکووری ئەفریقای گرتووەتەوە و لە هەندێ شوێن گەیشتووەتە 48 پلەی سیلیزی. 
 
فەرمانگەی تەندروستیی شاری بەنی مەلال دەڵێت: "زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە تووشبووی نەخۆشیی درێژخایەن و بە تەمەنن، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بووەتە هۆی خراپتربوونی دۆخی تەندروستییان."
 
شەش ساڵە لەسەر یەک مەغریب گیرۆدەی وشکەساڵییە، زستانی ئەمساڵیش پلەی گەرما گەیشتە ئاستی پێوانەیی، بە جۆرێک، لە ساڵی 1940ـەوە ئەوە یەکەم جار بوو لە کانوونی دووەم گەرما بگاتە 37 پلەی سیلیزی. 
 
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و وشکەساڵی درێژەکێش، کە بوونەتە هۆی کەمبوونەی ئاستی ئاوی بەنداو و گۆمەکان، هەڕەشە لە کەرتی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە دەکەن. 
 
نزار بەرەکە، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی مەغریب لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا رایگەیاندبوو کە بەهەڵمبوونی ئاو لەو وڵاتە گەیشتووەتە 1.5 ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا.  
 
بەرزترین پلەی گەرما لە مەغریب تۆمارکرابێت، 50.4 پلەی سیلیزی بوو کە لە ئابی پار لە شاری ئەغادیر لە باشووری ئەو وڵاتە تۆمارکرا. 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە